سعود ساعدی: لەسەر چەکداماڵینی گرووپەکان رێککەوتن کراوە

سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 "هیچ رێککەوتنێک لە ئارادانییە"

سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپەکان لەبارەی چەک رێککەوتوون بەڵڵام عەلی زەیدی واژۆ لەسەر رێککەوتنەکە ناکات، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، هیچ رەشنووسێکی رێککەوتن لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئارادا نییە.

سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق کە فراکسیۆنی کەتائیبی حزبوڵڵایە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لەبارەی دۆسیەی چەکی ئەو گرووپانە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن. ساعدی روونیکردەوە، پێویست بوو لیژنەیەک لە بەرەی مقاوەمە، حکوومەت، حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هەماهەنگی پێکبهێنرێت، بەڵام عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تا ئێستا رێککەوتنەکەی واژۆ نەکردووە.

سعود ساعدی گوتیشی "حکوومەت دەبێت بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی واژوونەکردنی رێککەوتنەکە ئاشکرا بکات، چونکە گومان هەیە واشنتن بەو رێککەوتنە رازی نەبێت و ئەوەش وایکردووە عەلی زەیدی لە واژووکردنی رێککەوتنەکە سڵ بکاتەوە". ئەو رێککەوتنە جەخت لەسەر رێکخستنەوەی چەک دەکاتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ رەشنووسێکی رێککەوتن لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئارادا نییە و دۆسیەکە هێشتا ئاڵۆزە، سەرچاوەکە روونیکردەوە، تەنیا چەند خاڵێک بە زارەکی تاوتوێ کراوە و هیچ رێککەوتنێکی نووسراو بوونی نییە.

ئەمریکا ماوەی مۆڵەتی چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی بۆ 30ـی حوزەیرانی 2027 درێژکردووەتەوە، لە بەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپەکان پێک هێناوە تا چەک لەدەست دەوڵەت کۆ بکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش، چەند گرووپێک بە تەواوی رەتیدەکەنەوە چەک دابنێن.

لە لایەکی دیکەوە، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان وەرگرتنی پۆستی باڵای جێبەجێکردنیان کردووەتە مەرج بۆ ئەوەی دەست لە چەک هەڵبگرن و بچنە ناو کایەی سیاسییەوە.

تەمیم جەختیکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دژی بەشداریکردنی ئەو گرووپانە نییە لە کایەی حوکمڕانیدا، بەو مەرجەی بە تەواوی چەک دابنێن و وەک لایەنە سیاسییەکانی دیکە پابەندی یاسا بن، ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی درێژخایەنی چەکی لەیاسادەرچوو دەبینرێت، تا ئەو هێزانە بۆ ناو دامەزراوە فەرمییەکان رابکێشرێن و هەڕەشە لەسەر سەقامگیریی دەوڵەت و کۆمەڵگە کەم بکرێتەوە.