خۆپیشاندان و نرخی کارەبای مۆلیدەکان ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەکاتەوە
بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ 18 هەزار دینار و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە کەرکووک، ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری دا ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ پێداچوونەوە بە نرخەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فرکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، محەمەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، نووسراوێکی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کردووە و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات بۆ تاوتوێکردنی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدەکان، کە بووەتە هۆی بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی هاووڵاتییانی کەرکووک.
بەگوێرەی نووسراوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەن، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00ـی بەیانی ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و گونجاو بۆ ئەو پرسە.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەن دوای ئەوە هات کە قایمقامیەتی کەرکووک نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدەی بە 18 هەزار دینار دیاری کرد، بەو هۆیەوە شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان چەندین گەڕەکی جیاوازی شارەکەی گرتەوە. لە ئەنجامی گرژی و بەریەککەوتنی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، پێنج ئەندامی پۆلیس بریندار بوون.
ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتێکدایە، دوێنێ هاووڵاتییانی کەرکووک لە چەند گەڕەکێکی شارەکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرفراوانی جەماوەری دژی گرانبوونی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان سەری هەڵدا، دوای ئەوەی قایمقامییەتی شارەکە نرخی هەر ئەمپێرێکی بۆ ئەم مانگە بە 18 هەزار دینار دیاری کرد.