هەیسەم پەترۆس: داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ نەکات

K24 - هەولێر

نوێنەرێکی کڵێسەی کلدانەکان رایگەیاند، وەکو پێکهاتەکانی کلدان، سریان و ئاشووری، 50 هەتا 60 هەزار کەسمان لە دهۆک هەیە، بەڵام لە سلێمانی 150 خێزان هەن، هەروەها حەزدەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ نەکات.

هەیسەم پەترۆس، نوێنەری کڵێسەی کلدان لە دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە وەکو پێکهاتەکانی کلدان، سریان و ئاشووری، 50 هەتا 60 هەزار کەسمان لە دهۆک هەیە، بەڵام لە سلێمانی 150 خێزانن، هەروەها لە دوو هەزار و 500 قوتابی ئێمە لە دهۆک بەزمانی سریانی دەخوێنن، بەڵام لە سلێمانی یەک قوتابخانەمان نییە بە زمانی سریانی بخوێنێت. دەشلێت، 100 تا 120 کلێسە لە دهۆک هەیە، بەڵام لە سلێمانی یەک یان دوو کلێسە هەیە.

پەترۆس گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ژمارەی مەسحیەکانی دهۆک زیاترن لە سلێمانی، بۆیە ئێمە گوتمان دوو کورسی نادەینە سلێمانی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای ئەوە ئەوان چوونە دادگای فیدراڵی عێراق، کە ئەو دادگایە بووەتە پەرلەمانتار، بووەتە وەزیر، بووەتە پارێزگار و قایماقامیەت، ئەو دادگایە رێنمای لە تارانەوە بۆ دێت، لەسەر ئێمە جێبەجێی دەکەن".

باسی لەوەشکرد، "بڕیارەکانی بەغدا لە دوای 2003ەو، تاوەکو ئێستا هەمووی دژی ئێمەی مەسیحی بووە"،  ئێستاش سەیرکە مەسیحی لە بەغدا نەماوە. بۆیە دادگای فیدراڵی هەر رۆژە و بوشێوەیەک کێشەیەکمان بۆ دروست دەکات.

پەترۆس راشیگەیاند، چەند رۆژێکە ئێمە جولەیەکی ناوخۆمان هەیە و هەڵوێستمان دژی بڕیارەکەی دادگا دەبێت، هەروەها راپۆرتێکی تێروتەسەل پێشکەشی کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین. چونکە نابێت بەغدا بڕیار لەسەر چارەنوسی من بدات کە من خەڵکی ئەوشارەم.

ئاامژەی بەوەشکرد، "وەکو مەسیحییەکانی کوردستان حەزدەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن پێشووتر پشتیوانی مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکانی کردووە، ئەو بڕیارە جێ بەجێ نەکات.