سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین دەستی لەکارکێشایەوە
K24 – هەولێر
محەمەد شتەییە، سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشی مەحموود عەباس سەرۆکی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی ئیداری بەڕێوەببات، بەڵام نەکرا.
شتەییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە چەند قۆناغێکدا حکومەتەکەی بەدۆخی سەختدا تێپەڕی، لەوانە بەرەنگاری گەندەڵیی، پەتای کۆرۆنا و رێککەوتنی سەدە بوون، ئێستاش کۆمەڵکوژی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە بەردەوامە.
هەروەها ئاماژەیداوە، پێنج ساڵ بە سەر پێکهێنانی کابینەکەی تێدەپەڕێت، هەوڵیدا لەو چەند ساڵەدا حکومەتێکی پیشەکارانەی سەرکردایەتی بکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی ئیداری بەڕێوەببات، بەڵام نەکرا.
شتەییە گوتیشی: ئێستا پێنج لە وەزیرەکانی حکومەت لە کەرتی غەززەن و قۆناغی داهاتوو پێویستی بە رێکخستنەوەیەکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنی نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت، هەربۆیە دەست لەکارکێشانەوەکەی پێشەکەشی سەرۆکی فەڵەستی کردووە.
رۆژنامەی (شەرق)ی سعوودیە مانگی رابردوو بڵاویکردبۆوە، مەحموود عەباس سەرۆکی فەڵەستین ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکات، کە کاری لە پێشینەی ئاسایشی کەرتی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو کەرتە بێت.