رووماڵ

زاڵمای خەلیلزاد: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین

زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق

K24 - هەولێر

باڵیۆزێکی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت، "زۆر باش دەزانم بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین". بە پێویستیشی دەزانێت ئەمەریکا دیدگای بەرپرسانی کورد بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەند وەربگرێت.

زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ماوەیەکی بەسەردا تێپەڕیوە لەو کاتەی بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی واشنتنی کردووە. کۆمەلێک رووداوی زۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق  و تەنانەت ناوچەکەش روودەدەن، هەربۆیە گرنگە ئەمەریکییەکان گوێ لە را و دیدگەی بەرپرسانی هەرێمی بگرن".

باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق بە پێویستی دەزانێت ئەمەریکییەکان گوێ لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بگرن و قسەکانیان بۆ داڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە بەهەند وەربگرن.

لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، خەلیلزاد گوتی، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. پێموایە لەمەودوا دەبێت پارتە کوردییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کوردستان لەپێش هەموو هەمووشتێکەوە دابنێن و بەیەک تیم لە بەغدا کاربکەن".

بە گوتەی باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق، "ئێران لە دۆخی عێراقدا دەسەڵاتی هەیە. بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیش بۆ لاوازکردنی سیستەمی سیاسی عێراقە. من خۆم باڵیۆزبووم لە کاتی نووسینەوەی دەستوور لە عێراق، دەزانم بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەستی نزیکەکانی ئێرانی لەپشتەوەیە و دژی دەستوورن".

وەکو ئەوەی زاڵمای خەلیلزاد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کرد، "کوردەکان هاوڕێی نزیکی ئەمەریکان، بەڵام بودجەیان دەبڕدرێت و مافە دەستوورییەکانیان پێشێل دەکرێت. پێویستە ئەمەریکا کاریگەری خۆی بەکاربهێنێت".

 

 

کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا

ئێوارەی رۆژی شەممە، 24-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە".

هەر لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتن؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگر، بریکار و یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و دۆخی شنگال، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی کەرتی وزەیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لە گرنگی هاوبەشییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە".

ماتیۆ میلەر باسی لەوەشکرد: "وەزیری دەرەوە، بلینکن پشتیوانی خۆی بۆ هەماهەنگی بونیادنەرانە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتووییەکی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ بەهێزترکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ماتیۆ میلەر روونیکردەوە: "ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە، چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیانەی هەمانبووە بەردەوامی پێبدەین".

یاداشتەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

لەمیانی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەفتەری یاداشتەكانی یادگاریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چەند دێڕەکی نووسی.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران 

رۆژی سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و سێناتۆر رۆجەر ویکر ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنیی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە .