ئەردۆغان و ئیمامئۆغڵو شەڕی داهاتووی تورکیا لە ئیستانبوڵ دەکەن

رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو
رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو

K24 – هەولێر:

لە تورکیا قسەیەک هەیە و دەڵێت، هەر کەسێک ئیدارەی ئیستانبوڵ بەدەستبهێنێت، تورکیا بەدەستدێنێت. ئەمە تاراددەیەک راستە، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 1994. دوای نزیکەی 30 ساڵ ئەردۆغان دەیەوێت پارێزگای ئیستانبوڵ بەدەستبهێنێتەوە کە لە ساڵی 2019 لەدەستی پارتەکەی دەرچووبوو، بەڵام ئەمجارەیان وەک سەرۆککۆمار.

بەڵام رکابەرەکەی کەسایەتییەکی دیارە و رۆژ لە دوای رۆژ ناوبانگی لەناو خەڵک زیاتر دەبێت، ئەو کەسە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵە لەسەر پشکی جەهەپە. ئیمامئۆغڵو رژدە لەسەر ئەوەی دوای ئیستانبوڵ، ئیدارەی تورکیا بگرێتەدەست و دەڵێت، ئەردۆغان بۆ خانەنشینبوون ئامادە دەکەن.

رۆژی چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024) ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ رایگەیاند: "کەسانێک هەن بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەبارەی خزمەتکردنی ئیستانبوڵ، ئەوان دەڵێن پێویستە حکومەت و شارەوانییەکان سەر بە هەمان پارت بن. بەجددی، زۆر باشە کەواتە پێویست بە هەڵبژاردن ناکات و موختارەکانیش لە ماڵەوە دابنیشن. ئەو دەیەوێت هەمووشتێک رادەستی ئەو بکەین، بەهەر حاڵ هێدی هێدی بۆ خانەنشینی ئامادەی دەکەین".

لە بەرامبەردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی بانگەوازی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شاری کوتاهییە قسەی کرد و رایگەیاند: هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لە هاوپەیمانییەکی تاریکدان و دەیانەوێت هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی شارەوانییەکان دەسەڵات بەدەست بهێنن.

ئەردۆغان گوتی: "ئەم میللـەتە، لە رێگەی سندووقەکانی هەڵبژاردنەوە، وانەیەکی باشیان بەو کەسانەدا کە هێرش دەکەنە سەر مێژوو، کولتوور و باوەڕەکەی و پشتیووانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەن". هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک لە شارەکان "رێککەوتنی پیس هەیە و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، یاری و گرێبەست ئەنجام دەدەن، بۆیە ئێمە رێگە بە هاوپەیمانییە تاریکەکان نادەین".

لە چەندین دەرفەتی پێشتریشدا، ئەردۆغان، ئیمامئۆغڵو بە خزمەتنەکردن و پشتگوێخستنی ئیستانبوڵ تۆمەتبار کردووە، تەنانەت باسی لەوەشکردووە: "هەڵەیەک روویداو بوو بە سەرۆکی شارەوانی". بەڵام راپرسییەکان پێچەوانەی قسەکانی ئەردۆغانیان دەرخستووە و سەرەڕای بوونی چەند بەرەیەکی جیاواز لەبەردەمی، ئیمامئۆغڵو یەکەمی راپرسییەکانە لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ.

یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکانی ئەردۆغان بۆ جەهەپە، نزیکبوونەوەیەتی لە دەم پارتی، بەڵام ئەو پارتە کوردییەش کاندیدی خۆی هەیە لە ئیستانبوڵ و کاندیدێکی پارتەکەش لە ئیستانبوڵ رایگەیاندووە: "دەم پارتی قەرزاری جەهەپە نییە بۆ ئەوەی هەوڵی بردنەوەی بۆ بدات".

ئەم لێدوانەش ئاماژەیەکە کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) تا دێت ئاڵۆزی تێدەکەوێت و مەرال دانش بێشتاش، کاندیدی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، وا وێنا دەکرێت دەم پارتی ناچارە و پێویستە شتێکی وا بکات تا جەهەپە سەرکەوێت بەڵام بەپێچەوانەوە، جەهەپە قەرزاری ئێمەیە و هەڵبژاردنی ساڵی 2019 لەیادنەکراوە.

ئەم قسانەی بێشتاش دوای ئەوە دێت، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندبوو، دەم پارتی دەیەوێت جەهەپە سەرکەوتوو نەبێت بۆیە ستراتیژی دەرخستنی کاندید جێبەجێ دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و گەورەشارەوانییەکانی دیکە بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.

هەروەها رۆژی (22ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی بوونی هەماهەنگی و کۆبوونەوە لەگەڵ ئاکپارتی رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەکی نهێنی نەکراوە و هەر کۆبوونەوەیەکیش هەبێت لەبەردەم رای گشتی دەبێت و جەختیکردەوە: "لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، ئامادەین لەگەڵ هەموو کەسێک کۆببینەوە. دەرگامان بەڕووی هەموو ئەوانە کراوەتەوە کە دەیانەوێت لەم پرسە بەرپرسیارییەتی وەربگرن و رۆڵیان هەبێت. ئێمە حزبی خەبات و دانوستاندنین، چەندین جار ئەمانەمان دووبارە کردووەتەوە".

لەبارەی دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی بەندکراوی هەدەپە، دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە بێدەنگی لە (9ـی شوباتی 2024) رایگەیاند: کۆبوونەوە و دیداری نێوان دەم پارتی و ئاکپارتی یان جەهەپە ئاساییە و ئەگەر ئەم کۆبوونەوانە نەبێت، ئەوە بەمانای کێشە دێت، بۆیە پێویستە ئەم دیدارانە بەردەوام بن لەپێناو دیموکراسی.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن.