ئەمه‌ریكا بەرێگەی فڕۆكەوە هاوكاری مرۆیی دەگەیه‌نێته‌ خەڵكی غەززە

K24 – هەولێر:

بۆ یەكەمجار ئەمه‌ریكا بەرێگەی فڕۆكەوە هاوكاری مرۆیی دەگەێنێتە خەڵكی غەززە.

فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمەریكا رایگەیاند، لەڕێگەی فڕۆكەوە هاوكارییەكانیان بۆ خه‌ڵكی فڕێداوەتە خوارەوە. 

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، بۆ یەكەمجار لەڕێگەی سێ فڕۆكەی جۆری، سی 130ەوە لە ئاسمانەوە خۆراك و پێداویستیان بۆ خەڵكی غەززە خستووەتەخوارەوە.

لای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەمەریكا دەستخۆشی لە فەرماندەیی ناوەندی و هێزی ئاسمانی شاهانەی شانشینی ئوردن دەكات و دەڵێت: پێكەوە ئۆپەراسیۆنەكەمان ئەنجامداوە.

گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان لەسەر داواكاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمه‌ریكایە، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و خراپی دۆخی مرۆیی برسیەتی و نەخۆشی لە غەززە بڵاوبووەتەوە.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.