ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە هیچ هاووڵاتییەکی غەززەی لەکاتی وەرگرتنی هاوکاریی مرۆیی کوشتبێت
K24 - هەولێر
ئەمەریکا و ئوردن بۆ یەکەمجار لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە، 38 هەزار ژەمە خۆراکیان لە ئاسمانی غەززەوە فڕێدایە خوارەوە. تەندروستیی غەززەش ئاشکرایدەکات، زیاتر لە 100 هاووڵاتیی لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەویش رەتیدەکاتەوە.
ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023، بە فڕۆکە هاوکاریی مرۆیی لە ئاسمانی غەززەوە فڕێدایە خوارەوە. تادێت دۆخی مرۆیی لە غەززە خراپتر دەبێت؛ بە جۆرێک بۆ بەدەستهێنای پاروویەکی نان، سنگی خۆیان دەدەنە بەر گولـلـەی سوپای ئیسرائیل.
خستنەخوارەوەی ئەم ژەمە خواردنانەی ئەمەریکاش لە کاتێکدایە، رۆژی هەیینی، 01-03-2024، تەندروستیی غەززە ئاشکرایکرد، سوپای ئیسرائیل دەستڕێژی گولـلـەی لە خەڵکی غەززە کردووە، لەکاتێکدا سەرقاڵی وەرگرتنی هاوکاری مرۆیی بوون، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 100 کەس کوژراون؛ بەڵام ئیسرائیل ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: "ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە بەرپرسیاربێت لە کوشتنی خەڵکی غەززە لەکاتی وەرگرتنی هاوکارییدا. ئێمە بە وریاییەوە ئۆپراسیۆنەکانمان ئەنجامدەدەین و لێکۆڵینەوەش لەو رووداوە دەکەین و راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکەین."
هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و ئوردن لە رێگەی سێ فڕۆکەی سی 130یەوە، 38 هەزار ژەمە خۆراکیان بەسەر خەڵکی غەززەدا باراندووە. کۆشکی سپیش ئاشکرایکردووە، لە چەند هەفتەی داهاتووش بەهەمان شێوە خۆراک دەگەیێننە خەڵکی غەززە.
ئەم هاوکارییانە هێشتا کەمن، چونکە بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان؛ برسییەتی بەرۆکی تەواوی دانیشتووانی غەززەی گرتووە، کە ژمارەیان 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 700 هەزاریان ئاوارەبوون.