کەشناسی پێشبینی بارینی بەفرو باران دەکات

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە (4ی ئاداری 2024) ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکاندا بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت.
هەروەها ئەگەری نمە باران لە هەندێ ناوچەکانی باکووری پارێزگای سلێمانی و بەفربارین لە زنجیرە شاخاکانی ناوچە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ خێرایى با لە ناوچەکانی گەرمیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە چالاکتر دەبێت و خێراییەکەی لە هەر کاتژمێرێکدا لە سەرووی 30 کیلۆمەتر دەبێت.
سەبارەت بە پێشبینییەکانی سبەی سێشەممە (5ی ئاداری 2024)، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکاندا بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆ ئەگەری کەمێک نمە بارانی پچڕپچڕ لەناوچە شاخاوییەکاندا هەیە .
هەروەها پلەکانی گەرما لە 48 کاتژمێری داهاتوو لەیەک نزیک دەبن و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بە سەردانایەت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 16
سلێمانی :15
دهۆک : 16
زاخۆ : 17
هەڵەبجە : 15
کەرکوک : 19
سۆران : 15
حاجی ئۆمەران : 5
گەرمیان : 21