ئۆکرانیا بەرپرسیارەتی خۆی لەتەقاندنەوەی هێڵێکی شەمەندەفەری رووسیا راگەیاند
K24 - هەولێر
هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، پردێکی هێڵی شەمەندەفەریان لە ناوچەی سامارای رووسیا تێکشکاندووە، کە زیاتر لە 750 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە، دەشڵێت: ئەم چالاکییە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی خاوتر کردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پێشتر کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ناوخۆیی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لە ئەنجامی دەستێوەردانی کەسانی بێ مۆڵەت بووە، کە دەستەواژەیەک لەلایەن دەسەڵاتدارانی رووسیا لە کاتی باسکردنی ئەم جۆرە رووداوەدا بەکاری دەهێنن.
بەگوێرەی میدیاکانی رووسیا، ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024، تەقینەوەیەک لەسەر هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچەی سامارا لە رووسیا روویدا، بەوهۆیەوە جوڵەی شەمەندەفەرەکان وەستا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی تاس لە زاری سەرچاوەیەکی دەزگای فریاکەوتنەوە رایگەیاندووە، "ئامێری تەقەمەنی زیانی بە ستوونی پردێکی هێڵی شەمەندەفەر گەیاندووە کە بەسەر رووباری چاپایڤکا، لەو بەشەی کە شارۆچکەی زڤێزدا و شاری شاپایڤسک بەیەکەوە دەبەستێتەوە".
کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ناوچەیی ڕایگەیاندووە، "لە ئێستادا هاتوچۆی شەمەندەفەر لەم بەشەدا راگیراوە"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.