هەولێر دوای 70 رۆژ یەكەمین یاریی دۆڕاند
یانەی هەولێر دوای 70 رۆژ یەكەمین یاریی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق دۆڕاند، ئەمەش یەكەمین شكستی یانەكە بوو لەژێر سەرپەرشتی حەیدەر عەبدولئەمیری راهێنەری نوێی یانەكە.
لە گەڕی هەژدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی ئەحمەد رازی لە بەغدا بووە میوانی یانەی حدود، یارییەكە لە نیوەی یەكەم بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
دواتر لە خولەكی 69ـی نیوەی دووەم ناوبژیوان لێدانی پێناڵتی گوماناوی هەژمار كرد، 8 خولەك یارییە راگیرا تا ڤار بڕیاری لێدانی پێناڵتی لە دژی هەولێر دا، پاشان ئیبراهیم غازی ئەستێرە كوردەكەی یانەی حدود لێدانە پێناڵتییەكەی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد، ئەمەش دەیەمین گۆڵی ئەو یاریزانە بوو لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق.
یانەی هەولێر نەیانتوانی ئەنجامەكە راست بكاتەوە، سەرەڕای ئەوەی ناوبژیوان 13 خولەكی زیاد كرد، بەڵام یارییەكە تا كۆتایی بە گۆڵێك لە بەرژەوەندی حدود كۆتایی هات.
یانەی هەولێر دوای شەش یاری، تووشی یەكەمین شكست بوو، ئەمەش هەشتەمین دۆڕانی یانەكە بوو لەم وەرزە، یاریی داهاتووشی رۆژی هەینی لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر دهۆك دەبێت.
