وەزیری ناوخۆی عێراق: لە دوو مانگی رابردوودا 70 بازرگانی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە

عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق

K24- هەولێر

پێنجەمین دیداری رافیدەین لە بەغدا بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 بەڕێوە دەچێت کە تێیدا چەندین پانێل لە بوارە جیاوازەکان پێشکەش دەکرێت. وەزیری ناوخۆی عێراق تێیدا دەڵێت: "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 70 بازرگانی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە".

لە دیدارەکەی ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئاداری 2024دا، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی: "گفتوگۆیەکی زۆرمان هەبووە لەگەڵ وەزارەتەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخروە تیرۆرستییەکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر. کۆمەڵیک کۆنگرە و کۆنفڕانسمان بەستووە و بەشداریمان لە کۆنفرانسی وەزیرانی ناوخۆی عەرەبی کرد لە تونس، هەروەها یەکێک لە ئەفسەرەکانمان بۆ سەرۆکایەتی نووسینگەی عەرەبی لە بەغدا دەستنیشانکرا، هەوڵەکانیشمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەهێزتر کران .

بەگوتەی ئەو: "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 70 بازرگانی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە".

وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت: "پەیوەندی لە نێوان ئێمە و بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکەدا هەبووە، بۆ پرسی هاتنە ناوەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکانیانەوە بۆ ناو عێراق و هاوکارییەکی گەورە هەیە، بە مەبەستی سنووردارکردنی ئەم پێشێلکارییە".

عەبدولئەمیر شەمەری رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2023 یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەت رادەستکردنی فایلە ئەمنییەکەی وەزارەتی بەرگری بوو بە وەزارەتی ناوخۆ، و 5 قایمقامیەتمان وەرگرت، ئەوانیش بابل، دیوانییە، نەجەف، واست، و موسەننا.

ئەو وەزیرە ئەوەشیخستەڕوو، پارێزراوترین سنووری عێراق سنووری عێراق و سوریایە، بەو پێیەی سیستەمی کامێرای زیرەک و بلۆکی کۆنکرێتی تێدایە، و بەڕێژەی 95% کۆنترۆڵکراوە.

لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، بڕیارماندا بۆ گەڕانەوەی تەندروستی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بە نەناردنیان بۆ زیندانەکان، لەجیاتیا هەوڵی شیاندنەوەیان بۆ بکرێت.

شەمەری ئاماژەی بەوەشکرد: "سیستەمی کامێرامان هەیە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ژمارەمان داناوە بۆ چاودێری کردن و گرتنی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە، ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆرباشە لە دۆزینەوەی تاوانبارەکان".

وەزیری ناوخۆ ئەوەشی گوت، بەشێک لە کرێکارانی بیانی داوای ڤیزەی گەشتیاری دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکەن و دواتر بە نایاسایی نیشتەجێ دەبن و  لەناوخۆی وڵات دەمێننەوە، هەروەها رێکارەکانمان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەیان.

عەبدولئەمیر شەمەری گوتیشی: "فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان هێزێکی فیدراڵییە و بەرپرسە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەستێوەردانی تورکیا دەستی بەسەر سنوورەکاندا گرتووە ناوچەکە بەکاردەهێنێت وەک مەیدانی شەڕ لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان"پەکەکە". بەڵام وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەرپرسیار نییە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمدایە".