واشنتن بۆ ماکرۆن: ئۆکرانیا هیچ رۆژێک داوای نەکردووە هێزی سەربازی بۆ بنێرین
K24 - هەولێر
کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلادیمێر زێلێنسکی "هیچ رۆژێک داوای نەکردووە هێزە بیانییەکان شەڕی بۆ بکەن".
جۆن کێربی، هەماهەنگی کاری ئاسایشی ئەمەریکا بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "ئێمە هێزەکانمان نەناردووە بۆ ئۆکرانیا، دەزانن بۆ؟ چونکە سەرۆکی ئۆکرانیا داوای ئەوەی نەکردووە، بەڵکو ئەو داوای هاوکاریی و چەکی کردووە، هیچ رۆژێک داوای نەکردووە هێزە بیانییەکان شەڕی بۆ بکەن".
ئەو گوتانەی کیربی دوای قسەکانی ماکرۆن هات لە پراگ کە دوێنێ سێشەممە، گوتی: پێویستە هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا چالاک بن لەوەی داوایان لێ دەکرێت، "نابێت ترسنۆک بن" لە رووبەڕووبونەوەی رووسیا. دووپاتیشیکردەوە، تاوەکو ئێستا مشتومڕ لەسەر قسەکانی هەیە کە باسی لە ناردنی هێزی سەربازی رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا کردووە.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، "پێویستمان بە گفتوگۆ نییە سەبارەت بەو ئازایەتییەی کە هەمانە، ئەمەش لە ڕاستیدا یارمەتیدەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکرانیا.
سەبارەت بە ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا، زۆرینەی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا پشتڕاستیان کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بەنیازی ئەوە نین هێز بۆ ئۆکرانیا بنێرن.