ئایدن مەعروف: حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لە پێکەوە ژیان و مافەکانی پێکهاتەکان کردووە

K24 - هەولێر

ئایدن مەعروف لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهاتەکان رایگەیاند، دەبێت لەداهاتوودا پێکهاتەکان نوێنەرایەتییان هەبێت، چونکە بەبێ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، لەوانەیە پەرلەمان کەموکوڕی تێدا بێت، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆتاکان هەڵەیەکی مێژوویی بوو.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی سریان، کلدان و ئاشووری رایگەیاند، دەبێت لەداهاتوودا پێکهاتەکان نوێنەرایەتییان هەبێت، چونکە بەبێ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، لەوانەیە پەرلەمان کەموکوڕی تێدا بێت، بۆیە دوای بڕیارەکەی دادگا ئێمە یاداشتێکمان ئامادەکرد و بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ناردووە.

وەزیرەکەی هەرێم گوتیشی: یاداشتەکەمان لە دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بووە کە دژی پێکهاتەکان دراوە، کە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆتاکان هەڵەیەکی مێژوویی بوو، دەشڵێت: ئێمە یاداشتی ناڕەزایەتییەکەمان بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناردووە و پێمان گوتن بڕیارەکە سیاسییە و داپەروەری نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوامان کردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، چونکە ئەمە دەستوەردانە لە کارووباری پێکهاتەکان، گوتیشی: ئەو یاداشتەمان ناردووە بۆ نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان.

مەعروف باسی لەوەشکرد، ئەوە ستەمێکە لە پێکهاتەکان کراوە، هەروەها گرنگە لە داهاتوودا پێکهاتەکان بەشێوەیەکی چالاکتر بوونیان هەبێت، ئەگەر لە رابردوودا نوێنەرانی پێکهاتەکان بەشێوەیەکی باش نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیان نەکردبێت، نابێت بدرێتە دادگا و سیستەمی کۆتا هەڵبوەشێنرێتەوە. بۆیە ئەو بریارە بەمەبەست کرا.

گوتیشی: "بڕیارەکە پێش کۆتاکان مەبەستییان لاوازکردنی پێگەی سیاسی هەرێمی کورستانە"، لەبەر ئەوە بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی باش بوونە بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و ئاینەکان، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر پاڵپشتی پێکهاتەکان و مافەکانی پێکهاتەکانی کردووە و پاڵپشتیش بووە لە بەهێزکردنی پێکەوەژیان.