بۆ یەکەم جار هاوکارییە مرۆییەکان گەیشتە باشووری سوودان

K24 - هەولێر

حکومەتی سوودان رایگەیاند، بۆ یەکەم جار هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی وڵاتی چادەوە گەیشتە باشووری سوودان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئاداری 2024، حکومەتی سوودان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هەندێک رێگە و فڕۆکەخانە لە ناوچە جیاوازەکان دەستنیشان کراون بۆ رادەستکردنی هاوکارییەکان".

ئاژانسی هەوااڵی سوودان "سونا" بڵاوی کردەوە، حکومەت رەزامەند بووە لە بەکارهێنانی بەندەری "ئەلتینە" بۆ هێنانە ژوورەوەی هاوکارییەکان لە چاد بۆ ناوچەی ئەلفاشری پایتەختی باکووری دارفۆڕ.

ئاژانسەکە ئاماژە بەوەدەکات، بەکارهێنانی رێگاکانی دیکە، لەوانە "لە کۆماری باشووری سوودانەوە بە رێگەی گواستنەوەی ئاوی و رێگای وشکانی لە رنکەوە بۆ کۆستی. هەروەها رەزامەندی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی ئەلفاشر، کادوقلی دەربڕیووە، ئەگەر رێگای وشکانی قورس بێت".

بەرنامەی خۆراکی جیهانی دوێنێ سێشەممە، هۆشداری دا لەوەی ئەو شەڕەی کە نزیکەی 11 مانگە لە سوودان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا بەردەوامە، "ڕەنگە گەورەترین قەیرانی برسێتی لە جیهاندا دروست بکات".

بەرێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی، سیندی ماکین، گوتی: "ئەو شەڕە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی هەشت ملیۆن سوودانی"، هەروەها هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەسی دیکە دەکات، هەروەک بووەتە هەڕەشە لەسەر تەواوی سەقمگیری ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەکرد، "پێش 20 ساڵ هەرێمی دارفۆڕ گەورەترین قەیرانی برسێتی تووش بوو، ئەوکات جیهان بەیەکەوە هاوکاریان کرد، بەڵام ئەمڕۆ سوودانییەکان لەبیرکراون".