پسپۆڕێکی دەستووری: لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەپێی دەستوور مامەڵە ناکەن
K24- هەولێر
پسپۆڕێکی دەستووری رایگەیاند، ئەو لایەنانەی زۆرینەی حکومەت پێکدەهێنن سیاسەتێکی دیکە بەراوورد بەساڵانی رابردوو پیادە دەکەن، بۆیە ئەوەی لەدەستووری ساڵی 2005 نوسراوە پەیرەوی ناکەن.
د. سۆران عەلی، پسپۆڕی دەستووری بە کوردستان24 راگەیاند، کێشە و ململانێکانی عێراق ئێستا ئاراستەیەکی تری گرتووە، ئەو لایانانەی زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیانی عێراقییان لایە، لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقیش زۆرینەن، ئەوانە سیاسەتێکی دیکە بەراوورد بە ساڵانی رابردوو پیادە دەکەن.
گوتیشی: ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بەشدار بوونە، هەمان پێگەی سیاسی و سەنگیان نەماوە کە لە ساڵی 2005 هەیانبووە، بۆیە ئەوانە وەکو ئێستای خۆیان مامەڵە دەکەن نەک وەکو ساڵی 2005 کاتێک دەستوور نوسرا، بەمەش هاوکێشەکە زۆر روونە، ئێستا زۆرێک لەبابەتەکان، کە لە کاتی داڕشتنەوەی دەستوور و دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق پێی رازی بوونە ئێستا جۆرێکی دیکەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە کاتی پێشوازیکردنی لە پارێزگاری ئەنبار پێی دەڵێت: بابەتی پێکهێنانی هەرێمی نوێ بابەتێکی دەستووری رێگە پێدراوی تەواوی پارێزگاکانە لە عێراق بەڵام ئەوە لەدەستووری 2005 هاتووە، ئێستا جێگەی قەبوڵکردن نییە هیچ یەکێک لە پارێزگاکان پەنا بۆ هەرێمێکی نوێ بەرێت.
ئەو پسپۆڕەی دەستوور جەختیکردەوە، ئەو هێزانە دەیانەوێت، لە رێگای دادگای باڵای فیدراڵییەوە بڵێن: ئەو دادگایە داگایەکی دادوەرییە، ئێمە هەژموونمان بەسەریەوە نییە و سەربەخۆن، هەروەها تەواوی ئەو پێگە و مافە دەستوورییانەی بەهەرێم دراوە و لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، لەبەرئەوە لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە سیاسەتەکانیان پیادە دەکەن.
عەلی راشیگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ رێکخستنەوە و راستکردنەوە و دروستکردنەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات، دانانی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵییە بە پێی رێسا دەستوورییەکانی ساڵی 2005، نەوەک ئەوەی ئێستا کە دادگای باڵای لەسەر بونیاد نراوە.