حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی بازاڕی کار دەکات

بەڕێوەچوونی وۆڕکشۆپێک هەڵسەنگاندنی دۆخی بازاڕی كار لە هەرێمی كوردستان
بەڕێوەچوونی وۆڕکشۆپێک هەڵسەنگاندنی دۆخی بازاڕی كار لە هەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ بارودۆخی بازاڕی كاركردن لە هەرێمی كوردستان دەكات و رێگەچارەیەکیش بۆ گرفتەكان دەدۆزێتەوە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە هاوبەشی لەگەڵ پڕۆگرامی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان و ئاژانسی ئەمەریکیایی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لەمیانی بەڕێوەچوونی وۆڕکشۆپێک هەڵسەنگاندنی دۆخی بازاڕی كار لە هەرێمی كوردستان دەکات.

كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، "مەبەست لەو وۆركشۆپە، رێكخستنەوەی بازاڕی كار و بەربەستەكانی بەردەم هەلی كار و كاركردنی لاوانە لە هەرێمی كوردستان".

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەشڵێت: لە ئاستەنگەكانی بەردەم دۆخی بازاڕ و كار دەكۆڵینەوە، دواتر لە رێگەی راپۆرتەوە هۆكار و چارەسەرەكان دەخرێنە بەردەم نووسینگەی سەرۆكی حكومەت و ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ وەرگرتنی بڕیار و چارەسەری پێویست".