رۆیتەرز: پێداگیریی تاران لەسەر مەرجەکانی هەوڵەکانی راگرتنی جەنگی پەکخستووە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر هەڵوێست و مەرجەکانی پێشووی، گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەستەمە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی قەتەر بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان و رێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان بەرەو قۆناخێکی نوێی پێکدادان لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس.

سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ئاشکرای کرد، کە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران ئستەمە، بە تایبەت دوای ئەوەی تاران بە تەواوی پێداگری لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانی پێشووی کردووەتەوە؛ لە هەمان کاتدا قەتەر هەوڵە دیپلۆماسی و نێوەندگیرییەکانی چڕتر کردووەتەوە. بۆ پردکردنەوەی کەلێنی ناکۆکییەکان و پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوەی گرژی و پەرەسەندنی سەربازی لە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان شەوی دووشەممە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی رێککەوتنی ئەمریکی-ئێرانی گەیشتوونەتە تاران؛ رەشنووسێک کە لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوودا بە وردی دانوستانی لەسەر کراوە تا خاڵە ناکۆکەکان کەم بکرێنەوە.

بەرپرسە باڵاکەی ئێران بە توندی جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت گەرووی هورمز بکرێتەوە، دەبێت مەرجەکانی تاران بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.

ئاماژەی بەوەش دا، کە داواکارییە سەرەکییەکانی تاران خۆیان لە: هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوت، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و ئازادکردنی سەرجەم سامانی داراییە بلۆککراوەکانی ئێراندا دەبیننەوە.

لەسەر ئاستی مەیدانی، هێزەکانی ئەمریکا لە میانی شەودا زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر دوورگەی قشم لە ئێران، کە واشنتن بە هێرشی "بەرگریکارانە" ناوزەندی کردوون.

 بەرپرسێکی ئەمریکی لەو بارەیەوە رایگەیاند، کە هێرشەکان ئەو مووشەکانەی زەوی بۆ ئاسمانیان پێکاوە کە دژی ئامانج و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا بەکار دەهێنران. بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، کە گورزەکان سنووردار بوون و بە واتای دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی جەنگی سەرتاسەری و بەرفراوان نایەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز هەڕەشەکانی بۆ پەنابردنەبەر هێزی سەربازی نوێ کردەوە و گوتی: من بە دوای ئەوەوە نیم خەڵکێکی زۆر بکوژم، بەڵام ئەگەر ناچار بین بەم کارە، بێگومان دەیکەین.

چڕبوونەوەی هەوڵەکانی قەتەر لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە هەڵگیرسانەوەی بەرفراوانتری ئەو ململانێیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممە زیادیان کردووە؛ ململانێیەک کە لە مانگی شوباتی رابردووەوە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەرپابووە.