لە دوای شەڕی غەززە هەڕەشەیەکی نوێ بەرۆکی ئەوروپای گرتووەتەوە

K24 - هەولێر
رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە لە ژێرناونیشانی "هەڕەشەیەکی نوێی تیرۆریستی لە ئەوروپا سەریهەڵداوە، کە پەیوەندیدارە بە شەڕی غەززە"، و نووسیویەتی، ئێران و حزبوڵڵای لوبنان دەستێکی باڵایان هەیە لە بڵاوکردنەوەی توندڕەویی لە رێگەی پەنابەران و کردەی تیرۆریستی لە سەرتاسەری ئەوروپادا.
هەروەها زانیاریی لەسەر دەستگیرکردنی دوو گرووپی جیاوازی پەنابەرانی ئەفغانیی و سووری بڵاوکردووەتەوە، کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لەلایەن پۆلیسی نەمسا و بۆسنیاوە بە چەکەوە دەستگیرکراون و لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، لە نێو مۆبایلەکانیاندا وێنەی چەند کەسێکی جوو وەک ئامانجی تیرۆرکردن دەست نیشانکراون، دانیانشیانناوە پلانەکانیان تۆڵەسەندنەوەیەکە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل لە دژی حەماس لە غەززە.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆتایی ساڵی رابردوو کۆمەڵێک پەنابەری بەرەچەڵەک تاجیکستانی دەستگیرکراون و پلانیان داڕشتبوو لە کاتی بەڕێوەچوونی جەژنی کرێسمس هێرش بکەنە سەر کڵێساکانی کۆڵن لە ئەڵمانیا و سەینت ستیڤن لە ڤییەننا.
لەلایەکی دیکەوە پۆلیسی ئیتاڵیا سێ فەڵەستینی دەستگیرکردووە، کە گومان دەکرێت ئەندامی "گرووپی شەهیدانی ئەقسا بن"، کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بە گرووپێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی مەدەنیی و سەربازی لە ئەوروپا.
هەروەها داواکاری گشتی ئەڵمانیا و هۆڵەندا چوار کەسیان دەستگیرکردووە، کە بە فەرمانی بزووتنەوەی حەماس حەشارگەیەکی چەکیان دروستکردووە و بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر کۆمەڵگەی جووەکان لە بەرلین و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاوای ئەوروپا.
بە گوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتی ئەڵمانیا، حەماس چەند ساڵێکە لە ئەوروپا حەشارگەی چەکی لە ژێرزەوی دروستکردووە، بەڵام گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکان ئاشکرای ناکەن.
هەروەها بەگوتەی بەرپرسانی ئەمنی ئەڵمانیا، حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی و رێکخراوە نزیکەکانیان لە ئەوروپا، پڕوپاگەندە و چالاکییەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی و هاندانی خەڵک بۆ رێکخستنی خۆپێشاندان لە شارەکانی سەرانسەری ئەوروپا.
لە بەشێکی دیکەدا، راپۆرتەکە ئاماژەیداوە، مزگەوتی ئیمام عەلی لە باکووری ئەڵمانیا بووەتە ناوەندێکی کارای ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و دژایەتی کۆمەڵگەی ئەوروپا، ئەمە جیا لەوەی ئێران پێشینەیەکی زەقی هەیە لە بە ئامانجگرتنی بەرهەڵستکارەکانی لە سەرتاسەری ئەوروپا.
هەروەها ئاماژەیداوە، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 هاووڵاتییەکی ئەڵمانی بە رەچەڵەک ئێرانیان دەستگیرکردو سزای سێ ساڵ زیندانیان بۆ دەکرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی کەنیشتێک لە شاری بۆخوم.
پێشتریش دادگایەکی بەرلین سزای زیاتر لە چوار ساڵ زیندانی بەسەر خوێندکارێکی پاکستانیدا سەپاند بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران.