سەرکردەکانی جیهان مەلا مستەفا بارزانی بە کارێزما پێناسە دەکەن

K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ ساڵیادی لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی، رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردە، سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیهانیش، پێناسەی تایبەتییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی هەیە و، یەكێك لەو رابەرانەیە كە خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەت و مەرجەکانی سەرکردەیەکی بەھێزبوو بۆ بەدەستھێنان و زامنکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان لەپێناو دۆزی رەوای گەلی كورد، ھەربۆیەش پێناسەی سەرکردە و بیرمەندە ناودارەکانی جیھان بۆ زاتی بارزانی، جیا لەپێناسەی ھەر سەرکردەیەکی تری پێش خۆی، وەسفێکی تایبەت بووە.
بارزانی نەمر، پانتاییه‌كی فراوانیی له لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو ته‌نیوه، كه‌سایه‌تییه به‌هێزه‌كه‌ی و ئازایی و بوێری ئه‌و رابەره له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌سایه‌تی، سه‌ركرده و رۆژنامه‌نووسانی جیھانی وه‌ك نموونه‌یه‌كی به‌رز و شكۆمه‌ندی خه‌باتگێڕیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی وه‌سف كراوه.
جەمال عه‌بدولناسر، سه‌رۆكی كۆچكردووی میسر له وەسفی بارزانی گوتوویەتی: ئەو پیاوێكی شكۆمەند بوو، خاوه‌ن دوو چاوی به‌هێز بوو كە دەربڕینێكی پڕمانای دەبەخشی و هێڵی تۆخی رووخسارێکی به‌هه‌یبه‌ت بوو.
هەروەها محه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل، بیرمەند و نووسەری میسری دەڵێت: "فەزیلەتەکانی بارزانی لە شێوازه کۆنه‌كانی ئازایەتییە، تا ئه‌و راده‌یه‌ی مرۆڤ به شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی سه‌رسامه، بۆ ئه‌وه ژیا تا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی به ئه‌زموون سه‌ركردایه‌تی شۆڕشێك بكات، به‌ڵام به‌بێ هیچ مه‌به‌ستێك جگه له شانازی و سه‌ربه‌خۆیی".
لەلایەکی دیکەوە جۆرج ڤی ئێڵن، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لەئێران لەوەسفی بارزانیدا گوتوویەتی: "بارزانی سەرکردەیەکی مێژوویی و تینوی ئازادییە، شۆڕشگێرێکە لە دژی زوڵم و ستەمدا".
دكتۆر کۆنتەر دێشنەر، رۆژنامەنووس و توێژەری ئەڵمانی و نووسه‌ری کتێبی "نەوەکانی سەلاحەدینی ئەیوبی" دەڵێت: "مێژووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەرکردەیەکی وەکو بارزانی بەخۆیەوە نەبینیوە و له سه‌ختترین دۆخی كوردستاندا ھەرگیز سازشی لەسەر کەرامەت و بیروباوەڕەکانی نەکردووه".
لای خۆیەوە میجه‌ر ئادگه‌ر بالانس، شرۆڤه‌كاری سه‌ربازی به‌ریتانی له په‌رتووكه‌كه‌ی به‌ناوی "شۆڕشی كورد" كه له ساڵی 1973 بڵاوکراوەتەوە، لەبارەی مەلا مستەفا بارزانییەوە گوتی: "بارزانی توانی یەکەم دانپێدانانی یاسایی بە مافەکانی کورد لە عێراق بەدیبهێنێت، ئه‌ویش یه‌كه‌م دانپێدانانی هه‌رێمایه‌تی بوو به نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئه‌مه ده‌ستپێكێك بوو بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش كه دواتر دان به شه‌رعیه‌ت و ره‌وایه‌تی مافه‌كانی گه‌لی كوردا بنێن".
رینیه موریس، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی فرانسوا میتران، سه‌رۆكی پێشووتری كۆماری فه‌ره‌نسا لە وەسفی بارزانی دا دەڵێت: "لەنێو ھەموو قارەمان و سەرکردە شەھیدەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دا، بارزانی پێگەیەکی تایبەتی لای کوردەکان ھەیە، ژیانی بارزانی لە ئەفسانە دەچێت و دەستکەوتەكانیشی لە مەیدانی جەنگدا، سەرچاوەی شانازیەکی گەورەیە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی کوردەکان".
مەلا مستەفا کوڕی شێخ محەممەد کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، لە 14ـی ئاداری ساڵی 1903 لە بارزان لەدایکبووە. ئه‌مڕۆ 121 ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه ته‌واوی ژیانی خۆی بۆ شۆڕش و خه‌بات له پێناو مافه‌كانی گه‌لی كورد ته‌رخان كرد.
جه‌نه‌راڵ مەلا مستەفا بارزانی، رابەری مەزنترین شۆڕشی مێژووی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانە، ئەو لە تەواوی تەمەنی سڵی نەکردەوە لە داواکردنی مافەکانی خەڵک و خەباتکردن بۆ وەدیهاتنی خواستە نەتەوەییەکان، لە دوای خۆشی رێبازێکی پڕ رێبواری بۆ داخوازییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەجێهێشتووە و بووەتە سەرمەشق و نموونەی باڵای حەقانییەت و داخوازی نەتەوەیی و مافخوراوان.
مەلا مستەفا بارزانی، لە قۆناغێكی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، جگە لە خوا‌و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كوردیان لەق نەكردو ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد‌و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.