36 ساڵ بە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ شەممە (16ی ئاداری 2024)، 36 ساڵ بە سەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کەچی دوای 13 ساڵ لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانکردنە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکومەتی عێراق وەک میراتگری رژێمی پێشوو ئامادە نەبووە قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە.
رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری شارەکەیان بە چەند گازێکی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە 10 هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە دەناڵێنن.
بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بووە، لە دوای کیمیابارانکردنە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.
هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و رووکردنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.
دوای زیاتر لە سێ دەیە 900 لە بریندارەکان هێشتا کاریگەری گازە کیمیاییەکانیان لەسەر ماوەو رێژەی لە بارچوونی کۆرپەلە 14 هێندەی حاڵەتی ئاسایی زیادی کردووە بەهۆی کاریگەرییەکانی کیمیابارانکردنەکەوە، هاوکات نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندەو نەخۆشییەکانی دڵ 4 هێندە لە نێو دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتربوون، ئەمە جیا لەوەی کاریگەری لە کیمیابارانەکەدا بەکارهێنران راستەوخۆ کاریگەریان لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکان پێست و چاو هەبوو، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکی زۆری بریندارەکان چارەسەری بەردەوام وەردەگرن.
رۆژنامەى "دی تاگستایتونگ"ـی ئەڵمانی، لە (17ی کانوونی یەکەمی 2002)دا لە بەگوێرەی راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، زیاتر لە 158 کۆمپانیای جیھانی بەڕێگەی نایاسایی هاوکاری رژێمی بەعسیان داوە، بۆ بەدەستھێنانی کەرەستەی جەنگی جۆراوجۆر بە چەکی کیمیایی و بایلۆژییەوە.
کۆمپانیاکان بەسەر ئەو 11 وڵاتە دابەشبوون:
ئەڵمانیا 80 کۆمپانیا
ئەمەریکا 24 کۆمپانیا
فەرەنسا 8 کۆمپانیا
بەریتانی 17 کۆمپانیا
ژاپۆن 5 کۆمپانیا
رووسیا 6 کۆمپانیا
بەلجیکا 7 کۆمپانیا
چین 3 کۆمپانیا
ئیسپانیا 3 کۆمپانیا
هۆڵەندا 3 کۆمپانیا
سوید 2 کۆمپانیا
لە (23 کانونی یەکەمی ساڵی 2005) ، دادگای باڵای هۆڵەندا بازرگانێکی وڵاتەکەی بە ناوی (فرانس ڤان ئانرات)ی بە تاوانی کڕینی ماددەی کیمیایی لە بازاڕە جیهانییەکان و فرۆشتنەوەی بە رژێمی بەعس و بەکارهێنانی لە دژی هاووڵاتییانی سڤیل لە هەڵەبجە، دادگایی کرد و سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد.
دواى شەڕی ئازادی عێراق و دەستگیرکردنی سەرانی بەعس، عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە (عەلی کیمیاوی) دوای دەستگیرکردنی لە (24ی حوزەیرانی 2007)، وەک تاوانبارى سەرەکیى كیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، دوای دادگاییکردنی لە (25ی کانوونی دووەمی 2010) لە سێدارەدرا.
لەدوای 34 دانیشتن، دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق لەساڵی 2010 بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی دەرکرد.
پەرلەمانی عێراق لە (17ی ئاداری ساڵی 2011) لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 44 دا بەبڕیاری ژمارە 12ی دۆسیەی هەڵەبجەی بەجینۆساید ناساند، هەروەها لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقیش کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق وەک میراتگرەوەی رژێمی پێشوو ئامادە نەبوون قەرەبووی گیانیی و ماددی هاووڵاتییانی هەڵەبجە بکەنەوە.
بەجینۆسایدناساندنی کیمیابارانکردن هەڵەبجە لە ئاستی نێودەوڵەتی:
پەرلەمانی کەنەدا - (16ی ئاداری 2010)
پەرلەمانی سوید - (6ی کانوونی یەکەمی 2012)
ئەنجومەنی کۆمۆنەکانی بەریتانیا (28ی شوباتی 2013)
پەرلەمانی نەمسا – (24ی ئاداری 2023)