گرووپەچەکدارەکانی عێراق؛ سوپایەک لەسەرووی دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای هەرێمیی

چەکدارێکی حەشدی شەعبی - وێنە: AFP
چەکدارێکی حەشدی شەعبی - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق لەژێر دەیان ناو و ئاڵای جیاواز و بە جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ، بە هۆکارێکی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی هاوبەشی، رێککەوتن و هاوسەنگی دادەنرێن، کە دەوڵەتی نوێی عێراقی لەسەر پێکهێنراوە.

شارەزا سیاسی و سەربازییەکان دەڵێن، ئەو گرووپە چەکدارانە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراق و ئێرانەوە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی چەند ئەجێندایەکی سیاسی پارەدار دەکرێن.

لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا گرووپەچەکدارەکان هێز و توانایەکی ئابووریی و سەربازی گەورەیان دەستکەوتووە و بوونەتە دەوڵەتێکی هاوتەریب لە عێراقدا. ئەو گرووپانە بەشێکن لە دەستەی حشدی شەعبی و ژمارەی ئەندامانیان زیاتر لە 238 هەزار کەسە و لە 73  گرووپی چەکداریی پێکهاتوون.

زۆربەی گرووپەچەکدارییەکان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەی بۆشایی ئەمنی جموجۆڵیان هەیە. لەوانەش کەرکووک و خورماتوو؛ رێکخراوی بەدر و لیوای 16ـی هێزی تورکمانی سەید عەلی حوسێن چالاکییان هەیە.

لیوای 21ی بەدر لە مووسڵ لیوای 24 لە دیالە چالاکییان هەیە، لە تکریتیش لیوای محەمەد جەواد و هێزی شێری ئامرلی.

هاوکات لە ئامرلی هێزی مەهدی تەقی ئامرلی و لیوای 52 لە تەلەعفەر جموجۆڵیان هەیە و لە نەینەواش حەشدی پێکهاتەکان کە لە کریستیان و شەبەک پێکهاتووە.

لە پارێزگای سەڵاحەددین بە لیواکانی 41، 42، 43ـی عەسائیب ئەهلولحەقی قەیس خەزعەلی و لیواکانی 2، 11، 26، 44ـی حەشدی عەتەبات چالاکن.

گرووپەچەکدارەکانی دیکەش کە لەژێر ناوی مقاوەمەی ئیسلامیین بریتین لە: سەرایا خوراسانی ئەحمەد یاسری، جوندولئیمام، ئەنسارولحوجەی ئەحمەد فورەیجی، کەتائیبی ئیمام عەلی شبل زەیدی، کەتائیبی سەیدولشوهەدای ئەبو ئالاء وەلائی، بزووتنەوەی نوجەبای ئەکرەم کەعبی و کەتائیبی حزبوڵڵا.


ئەوەی جێگەی پرسیارە؛
گرووپەچەكدارییەكان چەكەكانیان رادەستی حكومەتی عێراق دەكەن، ئەگەر ئەمەریكییەكان عێراق جێبھێڵن؟ لەمبارەیەوە فادی شەممەری، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، گرووپەچەكدارەكانی نێو بەرەی موقاوەمە پشتڕاستیان کردووەتەوە، هەر کە ئەمەریکییەکان عێراقیان بەجێهێشت چەک دادەنێن، ئەم ھەڵوێستەی گرووپەچەكدارەكان، بەڵگەی روونن كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان دەجووڵێنەوە.

ھاوكات دەیڤید شێنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایدەگەیەنێت، ئەمریكا گومانی لە توانای بەغدا هەیە بۆ پاراستنی ستافی دیپلۆماسی ئەمریکی لەو وڵاتە، لە كاتێكدا كە 100 هەزار چەكدار لە عێراق گوێڕایەڵی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق نین.

گرووپەچەكدارییەكان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی دا بەپێی یاسا هەموو ئەو هێزانە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانی عێراقە، بەڵام لە رووی کردارییەوە ئەجێندای هەرێمیی جێبەجێ دەکەن نەک لەژێر فەرماندەی گشتیدا بن.

ئێستا زیاتر لە 200 ھەزار چەکداری میلیشیاکان لەژێر ناوی حەشدی شەعبی پارە و مووچەیان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بۆ دابینکراوە.

كە گرنگترینیان، ئەمانەن، حزبوڵڵای عێراقی كه‌ له‌ساڵی 2003 دامه‌زراوه ‌و خاوه‌نی حەوت هه‌زار چه‌كداره. عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق له‌ ساڵی 2006 و دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ سوپای مه‌هدی دروستبووه‌ و ژماره‌یان 10 هه‌زار چه‌كداره. بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با له‌ ساڵی 2013 دوای جیابوونه‌وه‌یان له‌ عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق بۆ شه‌ڕی سووریا دروستبووه‌، ژماره‌یان له ‌نێوان هەشت بۆ 10 هه‌زار چه‌كداردایه‌. سه‌رایا خوراسانی، گرووپێكی دیكه‌ی شیعه‌یه‌ له ‌ساڵی 1995 دامه‌زراوه‌، خاوه‌نی نزیكه‌ی حەوت هه‌زار چه‌كداره‌. كه‌تائیبی سه‌یدوئەلشوهه‌دا، له ‌ساڵی 2013 بۆ پاراستنی شیعیەكان دامه‌زراوه‌، له‌ چوار هه‌زار چه‌كدار و 50 هه‌زار خۆبه‌خش پێكهاتوون.

گرووپەچەکدارەکان بە راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پارەداردەکرێن و لە سەرەتای دامەزرانی حەشدی شەعبییەوە زیاتر لە 20 تریلیۆن دیناریان بۆ تەرخانکراوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە لەپێناو جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئەو وڵاتە پارەداردەکرێن.

لە بودجەی سێ ساڵی عێراق هاوشێوەی ساڵانی پێشووتر، تەنیا ئاماژەی بە ژماری کۆتایی ئەندامان کراوە، ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی 95% زیاد دەکات، ژمارەکە لە 122 هەزار کەسەوە بۆ 238 هەزار کەس بەرزبووتەوە و بودجەی تەرخانکراویش گەیشتووەتە سێ ترلیۆن و 743 ملیار دینار.

بوونی ئەو گرووپەچەکدارانە کە لە دەرەوەی یاسا مامەڵە دەکەن، کاریگەری هەبووە لەسەر سەنگ و قورسایی عێراق لە هاوکێشەکانی دەرەوە، ئەمانە زیانێکی زۆریان لە عێراق داوە، تا ئێستاش عێراق نەبووەتە جێیی متمانە بەهۆی ئەم گرووپەچەکدارانەوە. ئێستا خودی ئەنجوومەنی وەزیران تا رادەیەکی زۆر بێ دەسەڵاتە بەرامبەر ئەو گرووپەچەکدارییانە، چونکە ئەو گرووپانە هەریەکە و بەلایەکدا و بەپێی بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت دەوڵەتی عێراق بڕوات.

زیاتر بخوێنەوە: حەشدی شەعبی.. لە دوو ساڵدا ژمارەیان دووهێندە زیادیکردووە و هیچ داتایەکیشیان لە بودجەدا نییە

Fly Erbil Advertisment