هەژار هەسنی: بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق فەرمان لە وڵاتی دیکە وەردەگرن

K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: حکومەتی عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات، هاوکات ئەو گرووپانە بە هەوەسی خۆیان بڕیار دەدەن و هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجام دەدەن.
هەژار هەسنی، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دەوڵەتی عێراقدا میلیشیا چەکدارەکان وەک بەشێك لە هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت تۆمارکراون، بەشێک لەم هێزانە لەژێر فەرمانی سەرۆکوەیزرانی عێراقن، بەشێکی دیکەیان بڕیار و فەرمانەکان لە وڵاتی دیکە وەردەگرن.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: حکومەتی عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ئەو هێزانە بکات، ئەو هێزانە بە هەوەسی خۆیان بڕیار دەدەن و هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە ئەنجام دەدەن، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانن تەنیا کار بۆ پاراستنی هەندێک کەسایەتی دەکەن.
هەژار هەسنی، ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی ئەو گرووپە چەکدارانە لە عێراق هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان نین، بەڵکو ئامانجیانە هەژموونی ئێران بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنن، چونکە ئێران لە دەرەوەی سنووری خۆی کار بۆ پاراستنی سیستەمی حوکمڕانی و رژێمەکەی دەکات.
گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق لەژێر دەیان ناو و ئاڵای جیاواز و بە جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ، بە هۆکارێکی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی هاوبەشی، رێککەوتن و هاوسەنگی دادەنرێن، کە دەوڵەتی نوێی عێراقی لەسەر پێکهێنراوە.
شارەزا سیاسی و سەربازییەکان دەڵێن، ئەو گرووپە چەکدارانە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراق و ئێرانەوە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی چەند ئەجێندایەکی سیاسی پارەدار دەکرێن.
لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا گرووپە چەکدارەکان هێز و توانایەکی ئابووریی و سەربازی گەورەیان دەستکەوتووە و بوونەتە دەوڵەتێکی هاوتەریب لە عێراقدا. ئەو گرووپانە بەشێکن لە دەستەی حشدی شەعبی و ژمارەی ئەندامانیان زیاتر لە 238 هەزار کەسە و لە 73 گرووپی چەکداریی پێکهاتوون.