سەربازێکی ئیسرائیلی لە باکووری غەززە کوژرا

سەربازانی ئیسرائیل
سەربازانی ئیسرائیل

K24 – هەولێر

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە، لە باکووری کەرتی غەززە سەربازێکی دیکەی کوژراوە، بەمەش کۆی سەربازە کوژراوەکانی لە 27ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تا وەکوو ئێستا گەیشتووتە 250 سەرباز.

سوپای ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ئاماژەی داوە بەوەی لە باکووری غەززە سەربازێکیان بە ناوی (میتان فینۆگرادۆڤ) کوژراوە. هاوکات ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کردووە، ئەو سەربازە ئیسرائیلییەی ئەمڕۆ کوژراوە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنەدا بوو کە سوپای ئیسرائیل لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری غەززە بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا کردوویەتی.

لە دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل پێ دەنێتە 164مین ڕۆژی و بەهۆیەوە تاوەکوو ئێستە نزیکەی سی و دوو هەزار کەس لە دانیشتوانی غەززە کوژراون، نزیکەی حەفتا و چوار هەزار کەسی دیکەش بریندارن. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زۆرینەی قوربانییەکان ئافرەتان و منداڵانن.