هاوپەیمانیی سەردەم: پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوون بکرێت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

هاوپەیمانیی سەردەم داوا دەکات هەڵبژاردنێکی "پاک و ڕوون" بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

هاوپەیمانیی سەردەم کە لە ژمارەیەک لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان پێکدێت؛ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی "لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی" و، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.

هاوپەیمانێتییەکە لای وایە: "بڕیارە سیاسییەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق کاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ بۆیە ئێمە وەکو هاوپەیمانیی سەردەم بە پێویستی دەزانین هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوون بێت و تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا بەشداربن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بێ بەشداری لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، "هەڵبژاردن ئەستەم دەبێت و سەرکەوتوو نابێت؛ بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە بگەنە سازان و ڕێککەوتنی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنێکی تەندروست و پاک و روون. ئەمەش فاکتەری سەرەکیی پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستانە".

لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، "پێمان وایە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵیی عێراق سیاسین و هۆن بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی عێراق و بەتایبەت کوردستان".

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، "بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان. ئەمانەش هەمووی مەترسین بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و کیمیایباران هاتووەتە کایەوە. ئێمە هەموو هەوڵ و بڕیارێک ڕەتدەکەینەوە کە ببێتە هۆی مەترسیی بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بڕینی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی کردووەتەوە، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی دەکرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".