سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شوێنی کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ کە وابڕیارە دوای بەربانگ رێورەسمێکی گەورە بەڕێوەبچێت بۆ هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و یادکردنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردی.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ دەکات و وابڕیارە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کونسوڵ و نوێنەرانی دیپلۆماسی وڵاتان و هاووڵاتییان ئاگری نەورۆز بکرێتەوە و پەیامێکیش پێشکەش بکات.

پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-03-2024، کاتژمێر 06:00، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کەڕنەڤاڵی جەژنی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ بەڕێوەدەچێت.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2724، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانييان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم و هیوای شادی و کامەرانیان بۆ دەخوازم".

نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ داوە، "هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم وبێدادییەک بێت کە بەرامبەر گەلی کوردستان دەکرێت. نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و شادیدا بژین".