سبەینێ بلیکن دەچێتە ئیسرائیل

سەردانی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سعوودیە
سەردانی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سعوودیە

K24 – هەولێر

وەزارەتی درەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی گەشتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نێوەندگیریی ئاگربەست، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە سبەی هەینی، دەچێتە ئیسرائیل.

 بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ی ئاداری 2024) ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بچێتە میسر و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی میسر، ئوردن، قەتەر، سعوودیە و دەسەڵاتدارانی فەڵەستین پرسی ئاگربەستی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس تاوتوێ بکات، هاوکات مەترسییەکانی ئۆپراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکان دەبێت.

ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، سەرەتا چوونە ئیسرائیل، لە بەرنامەی گەشتەکەی ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەبووە؛ بەڵام بڕیارە ڕۆژی هەینی بلینکن بچێتە تەلئەڤیڤ و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیسرائیل گفتوگۆ لە بارەی هەنگاوەکانی ئازادکردنی تەواوی بارمتە ڕفێندراوەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای 17ی ئۆکتۆبەری 2023 و دەسپێکی هێڕشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەمە جاری شەشەمە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ئەمجارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرەتای گەشتەکەی لە سعوودیەوە دەست پێکرد و ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودیە بڵاویکردووە، بلینکن لەگەڵ شا محەممەد بن سەلمان جیا لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ڕیاز و واشنتن لە تەواوی سێکتەرەکان، باسیان لە دۆخی هەرێمیی و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ئەو ئاڵۆزیانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.