سروە ڕەسووڵ: هەنگاوی ڕژد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا گیراوەتەبەر

سروە ڕەسوڵ،بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ
سروە ڕەسوڵ،بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی ڕژدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا گرتووەتەبەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، سرووە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە ئامادەکاریی ڕژدمان بۆ هاتنی ئەو شەپۆلە کردبوو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی جیددی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا گرتووەتەبەر.

بەگوتەی ئەو، "ئەو شەپۆلەی لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕویدا لە پارێزگای دهۆک کە لەماوەی سێ ڕۆژدا نزیکەی 170ملم باران باری کە رێژەیەکی زۆرە و وڵامدانەوەی ئەو کارەساتانە لە هیچ وڵاتێکی جیهان ئاسان نییە".

سروە ڕەسووڵ دەشڵێت: "ئەگەر ئەو ئامادەکارییە پێشوەختە نەگیرایاتەبەر، ئەوا گیانی سەدان هاووڵاتیی لە مەترسیدا دەبوو. هەر بۆیە ڕۆژی 18ـی ئادار ژووری ئۆپەراسیۆن بە ئامادەیی 17 نوێنەرانی وەزارەت و بەڕێوەبەراتییەکانی قەیرانی ئیدارە سەربەخۆکان، پلانی وەڵامدانەوەکان تەواو داندرا، یەکێک لەو پلانانەش پێدانی زانیاریی تەواو بە هاووڵاتییان بوو لە هەموو پێگە میدیاییەکان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، بەوەی کە شەپۆلێکی مەترسیدار بەڕێوەیە و پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداربن".

ڕاشیگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و تیمی شارەوانی لەگەڵ تیمی زێرەڤانی و تیمی ئالیات و دەستەی گەشتوگوزار و دابینکردنی هۆتێل، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لەگەڵ دابینکردنی خواردنی گەرم هەموو ئەوانە خرانە ئامادە باشییەوە، بەهەمان شێوە پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان پلانەکەیان لە پارێزگاکانی خۆیان جێبەجێ کرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، تا ئێستە سێ کەس خنکاون لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد و داوای کرد "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت".

Fly Erbil Advertisment