تۆتاڵ ئێنێرجی: جەنگی ئێران لە بەرژەوەندیی گەشەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەباییدایە
کۆمپانیایەکی فەرەنسی پێشبینی دەکات، جەنگی ئەمریکا و ئێران پرۆسەی گواستنەوەی جیهان بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و وزەی پاک خێراتر بکات، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکاندا.
کۆمپانیای "تۆتاڵ ئێنێرجی"ـی فەرەنسی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا پێشبینی کردووە، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی گواستنەوەی جیهانی بۆ سەر وزە خاوێنەکان خێراتر بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ماوەی چەند مانگێکی رابردوودا فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
پاتریک پویانێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ ئێنێرجی ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیاکە هێشتا پێشبینی دەکات خواست لەسەر نەوت لە نێوان ساڵانی 2035 بۆ 2040 بگاتە لووتکە و دواتر بەرەو دابەزین بڕوات.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، ئاڵۆزییە سەربازییەکان و گرژییەکانی گەرووی هورمز بازاڕەکانی وزەی جیهانیان تووشی تێکچوون کردووە و بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و گاز. ئەمەش وای کردووە بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بەرزی سووتەمەنی، زیاتر روو لە کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکەن.
کۆتایی شوباتی ئەمساڵ گەڕێکی نوێی جەنگی ئەمریکا و ئێران دەستیپێکرد و ماوەی 40 رۆژ بەردەوام بوو. سوپای پاسداران وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هێرشەکان، گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا داخست، ئەمەش وایکردووە، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهان بەرز ببێتەوە.