سوودانی بۆ جاری یەکەم وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە واشنتن

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

رۆژی هەینی، 22-03-2024، کارین ژانپیێردا، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، 15ـی مانگی داهاتوودا سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی سوودانی و بایدن وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، "هاوئاهەنگی کردن بۆ تەوەرە هاوبەشەکان و بەهێزتر کردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق" دەبێت.

ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی محەممەد شیاع سوودانی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا و، هاوکات دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە.

دەستبەکاربوونی سوودانی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق

محەممەد شیاع سوودانی لە تشرینی یەکەمی 2022 بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمەش وایکرد کە بنبەستی سیاسەی کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2021 بەڕۆکی عێراقی گرتبوو کۆتایی پێبێت.

هەڵبژاردنەکانی 2021 لە دەرئەنجامی ماوەیەکی دوور و درێژ لە ناڕەزایەتیی سەرتانسەری لە عێراق لە دژی گەندەڵی و بێکاری رێکخرابوو و وایکرد کە حکومەتەکەی پێشووتر لابدرێت.

سەرەڕای ئەمە، پشتگیرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاندیدبوونی محەممەد شیاع سوودانی هۆکاری سەرەکی بوو لە سەرکەوتنی سوودانی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی پێویست لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

بە گوتەی چاودێران، کاتێ کە حیزبەکانی وەک پارتی پشتگیری لە سوودانی بکەن، ئەمە واتەی ئەوە دەگەیەنێت کە سوودانی تا ڕادەیەک لە هەژموونی ئێران دوورە؛ بەڵام لەم دواییە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری خۆی لە بەغدا چەسپاندووە، ئەمەش بە بەردەوامی کۆسپ دەخاتە بەردەم سوودانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەریکا.

هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ بایدن

بۆ یەکەمین جار لە ئەیلولی ساڵی رابردوو سوودانی سەردانی ئەمەریکای کرد و بەشدار بوو لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک. لە پەراوێزی ئەم بۆنەیەدا لەگەڵ وەزیری دەوەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن کۆبووەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، بلینکن بە فەرمی بانگهێشتی سوودانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن کۆببتەوە؛ بەڵام ئەو کات وادەیەک دیارینەکرا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە.

جگە لەوەش، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان لە 18ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو لە نیویۆرک، بلینکن و سووادنی "جەختیان لە پابەندبوونیان کردووەتەوە بۆ بەهێزتر کردنی هاوپەیمانێتیی نێوان هەردوو وڵات و دووپاتیشیان کردووەتەوە کە پێداگیری لە بنەماکانی نێو گرێبەستی ستراتیژی ئەمەریکا-عێراق بکەن".

رێککەوتنی ستراتیژی ئەمەریکا-عێراق لە دوایین مانگەکانی ئیدارەی جۆرج بووش رێکخرابوو و رێگە بەوە دەدات کە پەیوەندی نێوان هەردوو ولات بەردەوام بێت، لەوانەش هاوئاهانەگی ئاساییش و بەرگری نێوان هەردوو وڵات.

بلینکن دووپاتیشیکردەوە "ئەمەریکا پشتگیری لە کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەکات"، کە مەبەست هەمان بۆری نەوتەیە کە رێگە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات. ئەم بۆریە لەوەتەی مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو بە داخراوەیی ماوەتەوە و بووەتە هۆی لەدەستدانی ملیارەها دۆلار لە داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە روانگەیەکی بەرفراوانتر، بلینکن "داوا لە حکومەتی عێراق کردووە کە بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی  لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی بە سەقامگیری و خۆڕاگری حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ئەرگەرچی هیچ یەک لە ئەمەریکا و عێراق لەوانەیە پێشبینی دۆخی نوێی ناوچەکەیان نەدەکرد، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززە دوای هێرەشە خوێناوییەکانی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، تەواوەتی گۆڕەپانی ستراتیژی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات.

بەگوێرەی تێگەیشتنی ئەنیستیتۆی بەنێوبانگی (ئەنیستیتۆی توێژینەوەی شەڕ - ISW) لە دۆخی ناوچەکە، "ئێران و ئەو بەڕەیەی کە گوایە ناوی "میحوەری خۆڕاگری"یە خەریکن هەوڵی شەری نێوان ئیسرائیل و حەماس دەقۆزنەوە بۆ پشتگیریکردن لە ئامانجە سەرەکییەکەیان کە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست."

زۆربەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کە لە ئەیلولی پارساڵ بەدیدەکران هێشتاش بەردەوامن و چارەسەر نەکراون. لە وتارێک کە لەم دواییە لە لایەن گۆڤاری ئەلمۆنیتۆرەوە بڵاوبووەوە، ئەلمۆنیتۆر نووسیبوو کە سوودانی لەم نزیکانە سەردانی واشنتن دەکات و رووبەڕووی هەوڵەکانی ئەمەریکا دەبێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکبکاتەوە.

ئەوەی جێی باسە ئەوەیە کە راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆر دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دێت کە بۆ یەکەمی جاریش بوو وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی واشنتنی کرد. لە ڕاپۆرتەکە وانووسرابوو "بارزانی توانیوە کەیسەکەی و داواکرییەکانی کورد زووتر بخاتە بەردەم ئەمەریکا."

ئەلمۆنیتۆر واشنووسیبوو کە "ئەو پێشوازییەی لە بارزانی کراوە، کە لەمیانەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، نێردەی تایبەتی و رێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین برێت مەکگۆرک، و نێردراوی ئەمەریکا بۆ وزە ئامۆس هۆشستاین کۆبووەوە" گوزارشت لە گرنگیپێدانی ئەمەریکا بەو سەردانە دەکات.

ئەلمۆنیتۆر ئاماژە بەوەش کردووە، لەپاڵ کۆبوونەوەکانی بارزانی لەگەڵ راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، جێیک سۆلیڤان، و ساشا بێیکر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری بە وەکالەت بۆ سیاسەت، ئەم سەردانەی بارزانی و خشتەی دیدارەکانی "وەک بەڵگەیەکی حاشاهەلنەگێر دەردەکەوێن کە ئیدارەی بایدن پێگەی کوردی لە چوارچێوەی ستراتیژی ئەمەریکا بۆ عێراق بەرزترکردووە."

ئەمەریکا، پێش سەردانەکەی سوودانی، گوشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم چاکبکات .

واپێدەچێت کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر تەوەرێکی گفتوگۆکان بێت، هەرچەندە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سودانی تیشکی خستووەتە سەر کۆمەلێک تەوەری دیکە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران سوودانی "سەبارەت بە چەندین کێشە ڕاوێژ دەکەن،" لەوانەش "پابەندبوونی دوولایەنە بۆ شکستی یەکجارەکی داعش و پەرەپێدانی ئەرکی سەربازی دوای ماوەی زێدەتر لە 10 ساڵ لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەرکەوتووی نێودەولەتی بۆ لەناوبردنی داعش."

راپۆرتەکە ئەمەشی خستۆتەڕوو کە "گفتوگۆی ئەوچاکسازییە بەردەوامەی دارایی لە عێراق دەکەن بۆ پەڕەپێدانی بە گەشەی ئابووری، و باس لەوەش دەکەن کە عێراق هانبدرێت بەرەو سەربەخۆبوون لە بواری وزە و مۆدێرنازیسیۆن." 

دواهەمین خاڵ کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا وا نیشان دەدات کە ئەمەریکا ویستی ئەوەی هەیە کە کۆتایی بە وابەستەیی عێراق بهێنێت بۆ هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران یاخود ئەم وابەستەییە کاڵتر بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین جار عێراق، لەچوارجێوەی ئەو گەمارۆیەی کە ئەمەریکا بەسەر ئێرانی سەپاندووە، بۆ هاوردەکردنی کارەبا داوای چاوپۆشی لە ئەمەریکا کردووە.  

 رێکارەکانی نوێ بۆ دابینکردنی سەرمایە بۆ عێراق بە مەبەستی کڕینی کارەبای ئێرانی بە چاوپۆشی ئەمەریکا سەڕەرای گەمارۆکان. 


نووسین: لۆری ملڕۆی

وەرگێڕان بۆ کوردی: کامەران عەزیز