گوهدار شێخۆ: 410 خێزانی زیانلێکەوتوو لە زاخۆ قەرەبوو کرانەوە

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەرەبەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەرەبەخۆی زاخۆ

K24 - هەولێر:

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، رایدەگەیەنێت، لە زاخۆ بە هۆی لافاوەوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، هەروەها 410 خێزانی زیانلێکەوتووش قەرەبوو کرانەوە.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم لە زووترین کاتدا بە هانای خەڵکی زاخۆ هات، خۆشبەختانە تیمە فریاگوزارییەکان لە سەرەتای دروستبوونی لافاوەکە لە ئامادەباشیدابوونە".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەرەبەخۆی زاخۆ، دەڵێت: لە زاخۆ بەهۆی لافاوەوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی هەبووە، کە ماڵ، دووکانی هاووڵاتییان زیانی بەرکەوتووە.

گوهدار شێخۆ، باسی لەوەشکرد، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی وەک قۆناغی یەکەم 410 خێزانی زیانلێکەتوو لە زاخۆ قەرەبوو کرانەوە، هەروەها 133 دووکان و شوێنی گەشتیاریش کە زیانیان بەرکەوتووە لە قۆناغی دووەمدا پێش جەژن قەرەبوو دەکرێنەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەرەبەخۆی زاخۆ، گوتی: فەرماندە مەنسور بارزانی لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بەسەر کردووە و بەڵێنیدا کە سەرجەمیان قەرەبوو دەکرێنەوە.

گوهدار شێخۆ، گوتیشی: 80%ـی زاخۆ لە پاشماوەی لافاوەکە خاوێنکراوەتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، یەکەمجارە بارانێکی لەو شێوەیە لە زاخۆ ببارێت و لە پیشبینی کەسدا نەبووە، بۆیە لافاو دروستبوو.

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک و زاخۆ بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

Fly Erbil Advertisment