سلێمانی.. پڕۆژەی 'سینەماچی' بە نمایشکردنی دوو فیلمی سینەمایی بەڕێوەدەچێت
پڕۆژەی هونەری و کولتووری "سینەماچی" لە شاری سلێمانی، وەک مۆزەخانە و سینەمایەکی مۆدێرن و تایبەت لەناو کارگەی جگەرە لەسەر بناخەی وێستگەیەکی مێژوویی کارەبا دروستکراوە، بە مەبەستی پاراستنی کەلەپوور و خزمەتکردن بە بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەر لە شارەکەدا، زنجیرەیەک چالاکی و نمایشکردنی فیلمی جیهانی و خۆماڵی رادەگەیەنێت.
پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026، سینا محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم ناوەندە هونەرییە تەنیا شوێنێک نییە بۆ نمایشکردنی فیلم، بەڵکو وەک ئەکادیمیایەکی فێربوون و ناوەندێکی رۆشنبیری گەورە کاردەکات کە تێیدا لە دوای هەر نمایشێک، دەرگای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕین لە نێوان دەرهێنەر، مامۆستایانی زانکۆ و ئامادەبوواندا دەکرێتەوە و خولی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سینەماکاران و گەنجانی بەهرەمەند رێکدەخرێت."
سینا محەمەد سەبارەت بە نمایشکردنی فیلمەکان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا گوتی، "لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، فیلمی سینەمایی "تیشکی خۆر"، فیلمێکی بەنگلادیشییە بە بەشداریی وێنەگری سەرەکی فیلمەکە نمایش دەکرێت، کە لە وڵاتی بەنگلادیشەوە بانگهێشت کراوە و لە کوردستانە و لەگەڵ ئامادەبوواندا لە سینەماچی بەشداریی گفتوگۆی دوای فیلمەکە دەکات."
سینا محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، " رۆژێک دواتر، واتە رۆژی هەینی، فیلمی سینەمایی "تۆوی هەنجیرە پیرۆزەکە"، یەکێک لە دوا بەرهەمەکانی دەرهێنەری ناسراوی ئێران محەمەد رەسوولۆف نمایش دەکرێت، لەگەڵ پێشکەشکردنی پەیامێکی تایبەتی دەرهێنەرەکە بۆ ئامادەبووان. هەروەها موزیسیانی ئەو فیلمە کە گەنجێکی کوردی شاری خۆمانە بە ناوی "کارزان مەحموود" لە وڵاتی سویدەوە گەڕاوەتەوە و لەو پڕۆژەیەدا ئامادە دەبێت."
پڕۆژەی "سینەماچی"، هەموو هەفتەیەک لە رۆژانی شەممە کاتژمێر 4ی ئێوارە چەند فیلمێکی جیهانی و ناوخۆیی نمایش دەکەن و دواتریش کۆبوونەوەی هونەری بۆ لێکۆڵینەوە لە فیلمەکان ساز دەکرێت.