عەتوان عەتوانی: نابێت رێگری لە ناردنی شایستەداراییەکانی هەرێم بکرێت

K24 – هەولێر:
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی ئەو لیستانەی لە هەرێمەوە بۆ بەغدا نێردراون بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی دابەشکردنی مووچە بەدجیتاڵیی دەکرێت.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بۆ کوردستان24ـی دەڵێت: گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکەین بۆئەوەی رێکارێکی ئاسانتر بدۆزینەوە بۆئەوەی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرن.
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، بە هەر شێوەیەک بێت نابێت مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت. گوتیشی: هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت بۆئەوەی شایستە داراییەکان بگات بەدەستی مووچەخۆرانی هەرێم.
عەتوان عەتوانی، دووپاتیکردەوە، ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی پرۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی مووچە تەواو دەبێت، هەروەها ناردنی پارەکەش بەپێی ئەو لیست و داتایانە دەبێت کە حکومەتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەنێرێت.