پەیمانگەی ئەمەریکی بۆ ئابووری و ئاشتی: ئاسایشی عێراق لە بازنەی سووردایە
K24 – هەولێر:
دوای 21 ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ لە عێراق، بەڵام هێشتا فەراهەم بوونی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا، وەکو خەونێکی بەدینەهاتوو پێناسە دەکرێت و بەگوێرەی راپۆرتی پەیمانگەی ئەمەریکی بۆ ئابووری و ئاشتی، عێراق لە نەبوونی ئاشتی و ئاسایش و زۆریی رێژەی کردەوەی تیرۆریستی و گرووپی چەکدارەوە لە نێو بازنەی سووری ئامارەکاندایە.
پسپۆڕانیش دەڵێن، عەقڵییەتی پاکتاوی نەژادی و ناوەندگەرایی هێشتاکە لە عێراقدا ماوە و بە هەڕەشەیەکی جددی بۆسەر ئاشتی و پێکەوەژیانی دەزانن. هەروەک چۆن بناغەی بنیادنان و کەوتنە سەرپێی هەر وڵاتێکی سەرکەوتوو، بوونی ئاشتی و ئاسایشە، بەڵام لە عێراق هێشتا هەر وەک خەونێک ماونەتەوە.
پەیمانگەی ئەمەریکی بۆ ئابووری و ئاشتی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، کە لە دوو بەرگی جیاوازدا بڵاوی کردووەتەوە، پۆلێنبەندی وڵاتان دەکات لە رێژەی بوونی ئاشتی و ئاسایش تێیاندا و ئامارەکانی تایبەت بە عێراق مەترسیدارن، پەیمانگەکە پشتی بە رووداو و پێشهاتەکانی ساڵی 2023 و مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ بەستووە و عێراق لەنێو بازنەی سووری ئامارەکان و لە ریزبەندی 11ـەمین خراپترین وڵاتانی جیهاندایە.
لە رووی نەبوونی ئاسایش و زۆریی رێژەی گرووپی چەکداری نایاسایی و کردەیی تیرۆریستییەوە، لە بەرگی دووەمی راپۆرتی پەیمانگە ئەمەریکییەکەدا کە لە ژێرناونیشانی پێڕستی ئاشتی جیهانی بڵاوی کردووەتەوە، پشتی بە ئاشتەوایی نێوان تاک و پێکهاتە پێکهێنەرەکانی نێو دەوڵەتەکان بەستووە، لە کۆی 163 وڵاتی جیهان عێراق لە ریزبەندەکانی خوارەوەیە و بە کۆکردنەوەی 3006 خاڵ پلەی 154ـەمینی گرتووە، یەکێکە لە خراپترین ئەو وڵاتانەی کە ئاشتەوایی تێیاندا لەوپەڕی کزۆڵییدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە گووتاری بەرپرسەکان و بە درێژایی تەمەنی کابینە جیاوازەکانی حکومەتی عێراق، هەمیشە باس لە بەهێزکردنی ئاسایشی وڵات و پتەوکردنی ئاشتەوایی نێوان پێکهاتە و نەتەوەکان کراوە، بەڵام وەک پسپۆڕان دەڵێن، عەقڵییەتی پاکتاوی نەژادی و ناوەندگەرایی هێشتاکە لە عێراقدا ماوە و بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی دەزانن.