ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆ ئاگربەست لە غەززە کۆ دەبێتەوە

K24 - هەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە (25ی ئاداری 2024) جارێکی دیکە لە بارەی ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆببێتەوە و دەنگ لە سەر پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکا بدەن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە. ئەمەش لە کاتێکدایە چین و ڕووسیا لە کۆبوونەوەی هەینی ڕابردوو، بە ڤیتۆ شکستیان بە دەنگدان لە سەر پرۆژەکەی ئەمەریکا هێنا.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لە ناوەرۆکی پرۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکا جەخت لە دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ لە مانگی ڕەمەزان دەکاتەوە، هاوکات ئاماژە بە ئاگربەستی درێژخایەن دراوە لەگەڵ ئازادکردنی تەواوی بارمتە ڕفێندراوەکانی ئیسرائیل بەبێ هیچ مەرجێک، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەبێت رێگە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.
بە گوێرەی ئامارێکی حکوومەتی ئیسرائیل لە کۆی 250 رفێندراوی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، تا وەکوو ئێستە 130 بارمتە لە دەستی چەکدارانی حەماس ماون و لە نێویشیاندا مەزندە دەکرێت 33کەسیان مردبن.
نزیکەی شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین تا وەکوو ئێستە لە کەرتی غەززە 32,226 کەس کوژراون و 74,518 کەسی برینداربوون.