لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژران
K24 - هەولێر
لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون، ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوزیش ڕایگەیاندووە، لە ماوەی نەورۆزی 2023 تا نەورۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 44 کۆڵبەر کوژراون و 400 کۆڵبەریش بریندار کراون کە 37 کەس لەو کوژراو و بریندارانە منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵی بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، کۆڵبەرێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی بانە بە ناوی سۆران عەبدی لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە کە خێزاندار بووە و هاوژینەکەیشی دووگیانە.
ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش داوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی سنووری جوانڕۆ بە ناوی محەممەد بایەر محەممەدی تەمەن 48 ساڵ لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست داوە، کوڕی ئەو کوڵبەرەش بە ناوی میلاد محەممەدی تەمەن 15 ساڵ ڕۆژی هەینی لە کاتی کۆڵبەریدا لە هەمان سنوور بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بەسەختی بریندار بووە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزشکیدایە.
لای خۆیەوە ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز لە ڕاپۆرتێکیدا نووسیویەتی، لە ماوەی نەورۆزی 2023 تا نەورۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان 44 کۆڵبەر کوژراون و 400 کۆڵبەریش بریندار بوون، کە ئەو ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2022 نزیکەی 90% زیادی کردووە. 37 کەسیش لە کوژراو و بریندارەکان منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵی بوون.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، تەقینەوەی مین، هەرەسهێنانی ڕنووەبەفر، ڕەقهەڵاتن لە سەرمادا، خنکان لە ئاودا، ڕووداوی هاتوچۆ و هەڵدێران لە بەرزایی و شاخەوە هۆی کوژران و برینداربوونی ئەو کۆڵبەرانەن.
ڕوونیشی کردەوە، 31 کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون، دوو کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێرانەوە وەژێر ئۆتۆمبێل دراون و مردوون، کۆڵبەرێکیش بە تەقەی هێزەکانی پاراستنی سنووری عێراق کوژراوە. هەروەها سێ کۆڵبەر لە سەرمادا ڕەقهەڵاتوون، دوو کۆڵبەر لە ئاودا خنکاون، دوو کۆڵبەر لە ئەنجامی ڕاوەستانی دڵ و دوو کۆڵبەری دیکەش بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە کاتی کۆڵبەریدا و کۆڵبەرێکیش بەهۆی هەڵدێران لە بەرزاییەوە مردوون.
هاوکات 337 کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بریندار بوون. هەروەها 14 کۆڵبەر بەهۆی لێدان لەلایەن هێزەکانی ئێران و 17 کۆڵبەر بەهۆی لێدان لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بریندار بوون. هاوکات هێزەکانی ئێران بە هاویشتنی بەرد چوار کۆڵبەریان بریندار کردووە، حەوت کۆڵبەریش بەهۆی تەقینەوە مینەوە بریندار بوون، 10 کۆڵبەر لە بەرزاییی شاخ هەڵدێراون و نۆ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بوون.