سوودانی مانگی داهاتوو بە کۆمەڵێک دۆسیەوە دەچێتە کۆشکی سپی

K24 – هەولێر:
بڕیارە 15ـی مانگی داهاتوو، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. جانتاکەی سوودانی چەندین تەوەری لەخۆگرتووە، گرنگترینیان، گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکایە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ بایدن و بەرپرسانی ئەمەریکا پەیوەستە بە کێشەکانی هەولێر و بەغدا و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر پێکهێنانی حکومەتەکەیدا، (15ـی نیسانی 2024) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جانتایەکی پڕەوە سەردانی واشنتن دەکات و بڕیارە لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرەیەک بکەن، دیارترینیان داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدان.
تەوەرەی هەرە سەرەکی گفتوگۆی سوودانی لەگەل بایدن و بەرپرسانی ئەمەریکا، پەیوەستە بە هێزەکانی هاوپەیمانان و داهاتوویان لە عێراق، بە گوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی پەیوەندی دوای قۆناغی هاوپەیمانی و هاوبەشیی گشتگیریی نێوان عێراق و ئەمەریکا بابەتی هەرە دیاری گفتوگۆکان دەبێت.
دۆسیەیەکی دیکەی سەر مێزی گفتوگۆکانی سوودانی لە واشنتن، تاوتوێی کێشەکانی هەولێر و بەغدایە، لە پابەندبوون بە دەستوور و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە تا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەمەریکین و داوایان لە کۆنگرێس کردووە فشار لە حکومەتی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
هەروەها دۆسیەیەکی دیکەی نێو جانتایەکەی سوودانی، پەیوەندی بە سزای سەر بانکە عێراقییەکان و بەهای دۆلارەوە هەیە، چونکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا باسی لە گرتنەبەری چەند رێکارێک لە بەرانبەر بانکە عێراقییەکان کردووە و جەختیشی لەوە کردووتەوە سیستمی بانکیی عێراق پێویستی بە چاکسازییە و پێویستە رێگری لە سپیکردنەوەی دۆلار بکرێت.
جیا لەوانەش بڕیارە باس لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی، تەندورستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا بکرێت و چەند رێککەوتنێک لەوبارەیەوە لەنێوان هەردوولا واژۆ بکرێن.
سەردانەکەی سوودانی لە کاتێکدایە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 24ـی شوباتی رابردوو، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمەریکا و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکای لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ئەمرریکاش پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.