گەڕێكی نوێی دانووستانەکانی ئیسرائیل و حەماس دەست پێدەکاتەوە

K24 – هەولێر
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕازی بووە بەوەی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس دەست پێبکاتەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی ڕفێندراوان و زیندانییان بکەن.
بە گوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بۆ دەست پێکردنەوەی دانووستانەکانی ئاگربەست و هەوڵەکانی ئازادکردنی بارمتەکان، ناتانیاهۆ لەگەڵ دەیڤید بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆساد و ڕۆنیین بار، بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (شاباک) گفتوگۆی کردووە و ڕازی بوونی خۆیی بۆ گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان دەربڕیوە کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دانووستانەکان لە دەوحە و قاهیرە دەست پێ بکەنەوە.
لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، مەحموود مرداوی، سەرکردە لەو بزووتنەوەیە رایگەیاندووە، پێنج مەرجی سەرەکیان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل، کە بنەمای هەر ڕێککەوتنێکە بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.
بە گوتەی مەرداوی مەرجەکانیش بریتین لە :
- ڕاگرتنی شەڕ.
- رێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بەبێ مەرج.
- کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.
- ڕێگەدان بە گەیشینی دەرمان و هاوکارییە مرۆییەکان.
- دووبارە ئاوەدانکردنەوەی غەززە
هەروەها شەوی ڕابردوو لە عومانی پایتەختی ئوردن هەزاران لە دانیشتوانی ئەو شارە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل گردبوونەوە و ئیدانەی بەردەوامیی شەڕ و داوای ڕاگرتنی شەڕی غەززەیان کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوتی 25ی ئەم مانگە پرۆژە بڕیاری ئاگربەستی دەستبەجێی لە کەرتی غەززە پەسەند کرد.