دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەستی پێکردووە

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو) لە بەشێک لە وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 28-03-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی لیستەکە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 30-03-2024، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، خانەنشینانی شارستانی و خاوەن پێداویستی تایبەت دەستی پێکرد.

دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات؛ وەزارەتی دارایی ڕۆژی (28ـی ئاداری 2024) لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی 20 ڕۆژدا لیستی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران بۆ مانگی سێ ئامادە دەبێت کە ئێستە وەزارەتەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستەکەن و بڕی پێویستیش بۆ دابینکردنی پارەی پێویست دەگاتە 50 ملیار دینار.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بە 12,67 ترلیۆن دینار دیاری کراوە، واتا لە کۆی 198 ترلیۆن دیناری بودجەی فیدراڵیی عێراق، بڕی 16 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستانە، بە داتا و ژمارە جگە لە کێشەی ناردنی مووچە، بەغدا کێشەی لە ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بڕەکەی 276 ملیار دینارە و کرێی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە، دروست کردووە.