ئێران.. لە 10 ڕۆژدا 664 کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ مردوون

K24 – هەولێر
سیاوەش موحیبی، جێگری سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ڕایگەیاندووە، لە یەکەم رۆژی نەورۆزی ئەم ساڵەوە، واتە لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا 664 بە ڕووداوی هاتووچۆ مردوون و 174 کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوتەی موحیبی، زۆرترین ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی کرمان، فارس، سیستان و بەلوچستان، ئیسفەهان، خوراسان و خوزستان تۆمارکراون.
هەروەها ئاماژەی بە کۆتایی هاتنی پشووەکانی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی هەتاوی داوە و داوای لە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، کە ڕێگەکان بەهۆی شەپۆلی گەڕانەوەی گەشتیارانی نەورۆز، قەرەباڵغ دەبن و پێویستە گەشتیاران کاتێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان دەستنیشان بکەن، گوتیشی: ئەگەر ناچاربن، زۆرینەی ڕێگاکانی گەڕانەوە لە ناوچە گەشتییارییەکان بەرەو ناوچەکانی دیکە، دەکەنە یەک ئاراستە.
بەگوێرەی ڕۆژمێری پشووەکانی ئێران و وەک نەریتی ساڵانە، لە جەژنی نەرۆز و سەری ساڵی هەتاوی دا ، 13 ڕۆژ پشووی فەرمییە لە ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوەکانی حکوومەتدا.