نشینگەی هەولێر هۆکاری پێنەدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی سووری ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر ڕایگەیاند، لە پێناو دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی کوردستان، پێدانی ڤیزە بۆ کەسانی سەڵتی سووری ڕاگیراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئاداری 2024، شێخ کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزە بە سوورییەکان بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ بۆ کەسانی سەڵتی سووری ڕاگیراوە.

بەگوتەی ئەو، "ئێمەش لای خۆمانەوە پێدانی ڤیزە و نشینگەمان ڕاگرتووە، بۆ ئەو کەسانەی کە سەڵتن و بۆ کارکردن دێنە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دەرفەتی کارکردن بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زیاتر بڕەخسێت، تەنیا بەو خێزانە سوورییانە دەدرێت کە بۆ گەشت و سەردانی خێزانی دێنە کوردستان."

شێخ کامیل محەممەد گوتیشی: "ڤیزە تەنیا بەو خێزانە سووریانە دەدرێت، کە لە ڕێگەی سیستەمی ڤیزەی وەزارەتی ناوخۆ سپۆنسەر و کۆمپانیایاکانەوە داوای ڤیزە و مۆڵەت دەکەن و دێنە ناوخاکی هەرێمی کوردستان، چونکە بارودۆخی ئابووریی سووریا بەتەواوی داڕووخاوە، ئەوەش وایکردووە کە سوورییەکان بۆ پەیداکردنی کار، بێنە هەرێمی کوردستان و هەندێک جار لە هەرێمی کوردستانیشەوە بچنە شارەکانی دیکەی عێراق، هەر ئەوەش وایکردووە کە کوردستانیش ڤیزە بۆ ئەو کەسانەی سەڵتن ڕابگرێت."

Fly Erbil Advertisment