كه‌سێك له‌ناو زیندانی ئاسایشی گه‌رمیان خۆی خنكاند
به تۆمه‌تی تیرۆر ده‌ستگیركرابوو
K24 – هه‌ولێر
په‌یامنێری كوردستان24 له گه‌رمیان رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ كه‌سێك له‌ناو زیندانی ئاسایشی گه‌رمیان خۆی خنكاند.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له ئاسایشی گه‌رمیان به‌ده‌ست كه‌وتوون، هاووڵاتییهكە عه‌ره‌بە و ته‌مه‌نی 18 ساڵه و له چەند رۆژی رابردوودا له لایه‌ن هێزی ئاسایشی گه‌رمیان له دوزخورماتوو به تۆمه‌تی تیرۆر ده‌ستگیركرابوو.
ھەر بە پێی زانیارییەكانی ئاسایشی گەرمیان، ئه‌و كه‌سە پێشتر ئه‌ندامی رێكخراوی قاعیده بووە و پاش هاتنی داعش، به‌یعه‌تی به‌م رێكخراوه داوه.
كاری ئه‌و كه‌سه له ناو هه‌ردوو رێكخراوی قاعیده و داعشدا ره‌وانه كردنی مێرمنداڵ و گواستنهوەی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بووە له شوێنێك بۆ شوێنێكی تر.
كەسە تۆمەتبارەكە دوای ده‌ستگیركردنی، له ژوورێكی تاكه‌كه‌سی زیندانی ئاسایشی گه‌رمیان راگیرابوو و نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌كاتی بردنی خواردنی نیوه‌ڕۆ، به خنكێنراوی بینراوه و دەركەوتووە به په‌تێكی ناو جلوبه‌رگه‌كانی، خۆی خنكاندووه.
ته‌رمی زیندانییەكە ئێستا براوەتە نه‌خۆشخانه‌ی كه‌لار و لیژنه‌یه‌ك له لایه‌ن ئاسایشه‌وه بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنییه‌تی خۆ خنكاندنی پێكهێنراوه.