نیویۆرک پۆست: کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا بەرانبەر بە کورد پابەندی بەڵێنەکانی بێت

K24 - هەولێر
نیویۆرک پۆست وتارێکی بە ناونیشانی "دوای مێژوویەکی پڕ لە توندوتیژی لە لایەن عێراقەوە، ئێستا کورد پێویستی بە سەرنجی ئەمەریکایە" بڵاوکردووەتەوە؛ لە وتارەکەدا، هەردوو نووسەر دێیڤید هەریس و مەجید گلی وێڕای هەڵدانەوەی پەردە لە سەر چەند تاوانێکی دژ بە نەتەوەی کورد و بێدەنگ بوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڵێن: ئایا کاتی نەهاتووە ئەمەریکا پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەرانبەر بە کورد و ئیتر کەمتر بە قسەی ئەو عێراقە بکات کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە.
لە ئاداری 1988دا کوشندەترین چەکی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دژی خەڵکانێکی مەدەنی بەکارهێنران و فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی عێراق بە فەرمانی سەدام حوسێنی دکتاتۆر بە بۆمبی ناپاڵم، گازی خەردەل و گازە کوشندەکانی دیکە هەڵەبجەیان بۆمباران کرد، لە ئەنجامدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس کوژراون.
لە وتارەکەدا ئاماژەیان داوە، هێرشە کیمیاییەکەی سەر هەڵەبجە بەشێک بوو لەو شاڵاوەی لە دەیەی پەنجای سەدەی ڕابردوو دژ بەو نەتەوانە دەستی پێکرد کە غەیرە عەرەبن، بەڵام دوای ئەوەی سەدام گەیشتە دەستەڵات، شاڵاوەکە توندتربوو، چونکە نەتەوەی کورد خاوەن مێژوویەکی هەزاران ساڵەیە لە ناوچەکە و هەرگیز قبووڵی نەکردووە واز لە ڕەگەز و نەتەوەی خۆی بهێنێت، هەر ئەمەش وایکردووە رژێمی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردنی بدات.
هەر دوو نووسەرەکە، خواستی نەتەوەی کورد، سەربەخۆیی و بوونە خاوەن دەوڵەتی لە مێژینەیە و تا وەکوو ئێستاش بەردەوامە؛ بەڵام خودی دەوڵەتی عێراق، وڵاتێکی دەستکردە و لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە لەلایەن زلهێزەکانی ڕۆژئاواوە نەخشەی داڕێژراوە، بەمەش ملیۆنان کورد لەو مافە بێبەش کران و وەک کەمینە لە نێوان ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا دابەشکراون و ڕووبەڕووی سووکایەتی و سەرکوتکاریی بوونەتەوە.
لە وتارەکەدا هاتووە "بەداخەوە، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە تاکە هەوڵی جینۆساید نەبووە دژی نەتەوەی کورد لە عێراق، بەڵکو کورد ڕووبەڕووی چەندین شاڵاوی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بووەتەوە، مەزەندە دەکرێت دەیان هەزاران کورد لە زنجیرە شاڵاوەکانی پاکتاوکردندا کوژرابن. سەرەڕای ئەمەش، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی بچووککردنەوەی قەبارەی تاوانەکانیان دا، وەک بڵێی لەو سەردەمە کێشەی سیاسیی گەورەتر لە کۆمەڵکوژی کورد هەبێت. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ئەو کات پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو.
تەنیا دەسکەوتێک کە کوردەکان بەدەستیان هێنا ناوچەی دژەفڕین بوو لە ساڵی1991 و لە دوای شەڕی یەکەمی کەنداو. ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا ناچار بوون کە ئەم ناوچەیە دابمەزرێنن و تاوەکو ڕووخانی سەدامیش لە 2003 بەردەوامیان بەم پارێزراوییە دا.
لەمەش زیاتر، کوردەکان لە دوای 1991 توانیان ئۆتۆنۆمی بەدەست بهێنن و سەرۆک و سەرۆکوەزیر و پەرلەمان هەڵبژێرین، توانیان هەولێر بکەن بە پاتەختی هەرێمەکەیان، بەڵام هەموو ئەوانە بەبێ داهاتووی سەربەخۆیی ماونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، هەر دوو نووسەر نووسیویانە، ئێستا بەغدا هەرچی توانا و هێزی هەیە بە گەڕی خستووە بۆ ئەوەی ئەو دەستەڵاتەی کورد بنیادی ناوە، لە دەستیان دەربهێنێت، بۆ ئەمەش بەراوردکارییەکیان لە نێوان دۆخی کوردستان و فەڵەستین کردووە، کە چۆن چاوەکان خراونەتە سەر شەڕ فەڵەستین و شەڕی غەززە و لە سەر دۆزی کورد لابراون، لە کاتێکدا پرسی دۆزی کورد دە هێندەی دۆزی فەڵەستینە، بەڵام ئێستا کۆمەلگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی کورد و مافەکانی بێدەنگە.
هەریس و گلی دەپرسن: بۆچی سەرکردەکانی ڕۆژاوایی زیاتر پشتگیریی لە یەکگرتوویی دەوەڵەتی عێراق دەکەن، کە تا ئێستاش نەیتوانیوە شتێکی ئەوتۆ پێشکەشی ڕۆژئاوا بکات، بەڵام کوردستانێکی سەربەخۆ وەک دەوڵەتێک دەتوانێ زۆر دەستکەوتی بۆڕۆژئاوا هەبێت.
هەروەها دەپرسن لە 2017 ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کرا و%93 ی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی و ئازادی دا. دەرەنجامەکە چیی بوو؟ بەغدا، کە زیاتر و زیاتر لە ئێران نزیک دەبووەوە، هەڵمەتێکی سەربازیی کردە سەر کوردستان و دواتریش نێو گەمارۆیەکی سەختی ئابووری خرایە سەر کوردستان.
کاردانەوەکان چی بوون؟ بێدەنگی! لەمەش خراپتر، لە نێو بەناو هاوپەیمانانی کورد، تەنانەت لە واشنتن، دەنگۆی ئەوە دەبیسترا کە دەبێ لە دژی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان ڕابوەستن. کاردانەوەکان ئەوەبوو کە سەقامگیریی عێراق وەک وڵاتێک بپارێزرێت و ویست و خواستەکانی کوردیش پشتگوێ بخرێت.
بێدەنگییەکانی ڕۆژئاوا لە بارەی ڕیفراندۆم، گلۆپی سەوزی بۆ حکوومەتی عێراق داگیرساند بۆ ئەوەی زیاتر ڕەوشی کوردستان تێک بدات و زیاتریش گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان. کەرکوک، شارێک کە ڕێژەی کورد تیایدا زیاترە لەو نەتەوەکانی دیکە و سامانی نەوتی هەیە، لەلایەن سوپای عێراقەوە لە 2017 داگیر کرا. دواتریش، هەرێمی کوردستان ناچار کرا کە هەناردەی نەوت ڕابگرێت، کە گرینگترین سەرچاوەی داهاتی بوو.
هەروەها، ئێران لە سەرکوتکردنی کورد ئامانجێکی هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە. لەبەر ئەوەی کورد نەیوەیستووە ملکەچی دەستەڵاتی ئێران بێت، ئەمە دیمەنێکی ئالۆز و هاودژ لە دۆخەکە دەخاتە بەردەم.
لێرەوە هەر دوو نووسەر پەیامێک ئاراستە ئەمەریکا دەکەن و نووسیویانە "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، ئیدی! ئەمەریکا پێویستی بە کورد هەیە، لە هەمانکاتدا ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوڕێیەک تەماشای کوردی نەکردووە. لە سەردەمی شەڕی دژی داعش، کوردەکان هێزە سەرکیەکەی تێکشکاندنی داعشبوون، بەڵام قەدرزانی ئەمەریکا زۆری نەخایاند. دەشپرسن ئایا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، ئایا ئەمەریکا دووبارە پێویستی بە کورد دەبێتەوە بۆ تێکشکاندنی ئەو رێکخراوە؟"
هەموو ئەمانەش لە کاتێکدان کە ئەمەریکا هێشتا سیستەمی دژە مووشەکیی بە هەرێمی کوردستان نەداوە بۆ ئەوە لە بەرانبەر مووشەکبارانەکانی ئێران و عێراق بەرگری لە خۆی بکات. هەر بۆیە پێدەچێت داواکردنی یارمەتی لە ئەمەریکا لە سەرووی داواکارییەکانی محەممەد شییاع سوودانییەوە بێت، بەڵام تا ئەو کاتەی عێراق سیاسەتی ئێران جێبەجێ بکات و هەوڵی خنکاندنی کوردەکان بدات، پێویستە وەڵامی ئەمەریکا نۆ داواکارییەکانی عێراق "نەخێر" بێت.
هەروەها ئاماژەیان داوە، یارمەتیدانی کورد وەبەرهێنانێکی زیرەکانەیە بۆ ئەوەی ئاسایشی ئەمەریکا مسۆگەر بکرێت. لەلایەکی دیکە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشاوەی کۆمەڵگەیەکی کراوە و پێشکەوتنخوازە لە ناوچەکە. لەوەتەی شەڕی دژی داعش، ئامێزی کردۆتەوە بۆ هەموو زیانلێکەوتوان و پەنابەرانی شەڕەکە و هەموو ئەو کەمینە ئایینی و نەتەوەییانەی کە بە دەست داعش زیانیان پێگەیشتووە، لەوانە ئێزدییەکان و مەسیحییەکان. هاوکات هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ بەرەو پێشبردنی مافەکانی ئافرەتان.
لە کۆتایی وتارەکەیاندا هەردوو نووسەر دەڵێن: جا پرسەکە ئەمە، ئایا کاتی نەهاتووە کە ئەمەریکا زیاتر لە هەمبەر کورد بەرپرسیارەتی نیشان بدات و پابەند بێت بە بەڵێنەکانی؟ ئایا کاتی نەهاتووە، کەمتر بە قسەی ئەو عێراقە بکات کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە.