محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر: لیستی مووچه‌ی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێم ره‌وانه‌ی به‌غدا كرا

محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری
محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئادار رەوانەی بەغدا کرد.

رۆژی یەکشەممە (31ـی ئاداری 2024) محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ژمێركاری لە وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند: لیستی مووچه‌ی مانگی ئاداری ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی به‌غدا كراوه.‌

محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر گووتیشی: ئه‌و لیسته‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا كراوه‌، ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی له‌خۆده‌گرێت.

هەر ئەمڕۆ مه‌ولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند؛ ئەگەرچی سبەینێ پشووە، بەڵام بانکەکان لە دەوامی خۆیان بەردەوام دەبن و بەپێی خشتەی راگەیەنراو، دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و مووچه‌ی حەوت وه‌زاره‌ت دابه‌ش ده‌كرێت.

دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، وەزارەتی دارایی ڕۆژی (28ـی ئاداری 2024) لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چوار ڕۆژدا، مووچەخۆرانی زۆربەی دامودەزگاکانی حکوومەت مووچە وەردەگرن.

دواتریش لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری دڵنیاییدا لە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانیشەوە لە هەفتەی داهاتوودا.

لەلایەن خۆیەوە، نادر مەجید نادر، بەڕێوەبەری جووڵەی دراو لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومیی بەمەبەستی ئامادەکردنی مووچەی مانگی دوو، گوتیشی: ئێمە داوامان لە عێراق کردووە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردووە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە.

رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، خانەنشینانی شارستانی و خاوەن پێداویستی تایبەت دابەشکرا.

هەروەها رۆژی یەکشەممە (31ـی ئاداری 2024) وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەوقاف و کاروباری ئایینی و پلاندانان و ئەنجوومەنی دادوەری، دەستەکانی مافی مرۆڤ، دەستپاکی، وەبەرهێنان، ژینگە، مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و چاودێری دارایی، مووچەی مانگی شوباتیان وەرگرت.

سبەی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) مووچەی مووچەخۆرانی وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رۆشنبیری و لاوان، دابەشدەکرێت.