سیستەمی رەوانەكردنی نیشتمانی بۆ پشتیوانیی هاووڵاتییانی گەڕاوە لە شاری سلێمانی كەوتە كار

K24 - هەولێر:

پرۆژەی سیستمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی NRM، سیستەمێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پشتیوانیكردنی هاووڵاتییانی گەڕاوەی دەرەوەی وڵات لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئایاری 2023 بۆ یەکەمجار لە هەولێر دامەزرا و رۆژی یەكشەممە (31ـی ئاداری 2024) لە سلێمانی جێگیر كرا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: سیستمەكە بریتییە لە خزمەتگوزاریی بێبەرانبەر بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، وەكوو پێشكەشكردنی ڕاوێژ و ئاسانكاریی دابینكردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییە نیشتمانییە لەدەستچووەكان و دابینكردنی و جێگەی نیشتەجێبوون و هاوكارییە تەندروستی و پەروەردەییەكان بۆ ئەو خێزانانەی پێویستییانە.

هاودەم لە دووبارە بەدەستخستنەوەی هەلی كار و جێگیربوونەوەی ئەو خێزانانە لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاری دەكرێن.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بەسیستەمکردن و دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات لە کاتی گەڕانەوەیان، ئەمەش بە ئامانجی ئاوێزانكردنەوەیان بە كۆمەڵگە و دوورخستنەوەیان لە هەستكردن بە نامۆیی و بێمافی.

سیستەمەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە پشتیوانیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ IOM و یەكێتیی ئەوروپا دامەزراوە و لە ئاییندەیەکی نزیک لە پارێزگای دهۆکیش دەكەوێتە كار.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەنگێكی گەورە بە مافی هاووڵاتیبوون لە هەرێمی كوردستان دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت مافی ئەو هاووڵاتی و خێزانانەش دابین بكات كە دەگەڕێنەوە خاكی وڵات و دەیانەوێت لە وڵاتی خۆیاندا بژین.