پارێزگاری دهۆک: بە شەو و ڕۆژ کار دەکەین بۆ ئەوەی بازاڕی چەلێ بگەڕێنینەوە دۆخە ئاساییەکەی

لێدوانی رۆژنامەوانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک (وێنە: کوردستان24)
لێدوانی رۆژنامەوانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی چەلێ، سەردانی بازاڕەکەی کرد و گوتی: بە شەو و ڕۆژ کاردەکەن بۆ ئەوەی بازاڕەکە بگەڕێنینەوە دۆخە ئاساییەکەی. ئاماژە بەوەش دەدات، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 20 کۆگە سووتاون.

نزیکەی کاتژمێر 03:15ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 01-04-2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی "چەلێ" لە سەنتەری شاری دهۆک کەوتەوە. دوای چوار کاتژمێر و بە هەوڵەکانی زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانیی دهۆک؛ توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

پارێزگاری دهۆک: پێویستە تاوەکو سبەی بازاڕەکە پاک بکرێتەوە

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک بەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان سەردانی بازاڕەکەی کرد و، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک هێندراوە بۆ ئەوەی زیانە ماددییەکانی ئاگرەکەی بازاڕی "چەلێ" بخەمڵێنێت.

وەکو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، "ئەوەی ئێستا زۆر پێویستە، کۆنترۆڵکردن و سارکردنەوەی پاشماوی ئەو ئاگرەیەیە کە تا  ئێستا لە هەندێک شوێن و لەنێو هەندێک دووکان ماوەتەوە". گوتیشی، "هەوڵدەدەین لە زووترین کاتدا بازاڕی چەلێ بگەڕێنینەوە دۆخی ئاسایی خۆی، پێویستە تا سبەینێ پاک بکرێتەوە."

لەبارەی ئەوەی "ئایا چەند دوکان و کۆگە لە ئەنجامی ئاگرەکە سووتاون؟" د. عەلی تەتەر گوتی، "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 20 کۆگە سووتاون، بەڵام ئەم ئامارە پشتڕاست نەکراوەتەوە و لیژنەی تایبەتمەند زیانەکان دەخەمڵێنێت". ڕاشیگەیاند، کارەبا لە زۆر شوێن دەبڕدرێت بۆ ئەوەی شووکی کارەبا لە هیچ شوێنێکی دیکە ڕوونەدات.

پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، "بە شەو و ڕۆژ کاردەکەین بۆ ئەوەی بازاڕی چەلێ بگەڕێنینەوە دۆخی ئاسایی خۆی. هەموومان بەیەکەوە کاردەکەین، هەر وەکو چۆن بەیەکەوە کارمان کرد بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارەکەمان".

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک: هۆکاری ئاگرەکە نەزاندراوە

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "بە هەوڵەکانی زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانیی دوای چەند کاتژمێرێک توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت".

بێوار عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا 11 ئەندامی تیمەکانی بەرگری شارستانیی دهۆک بەهۆی دووکەڵی ئاگرکەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوون، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و چارەی پێویستیان بۆ کراوە.

لەبارەی زیانەکانیش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەوەی خستەڕوو، "لە ئەنجامی ئاگرەکەوتنەوەکە، زیاتر لە 100 دوکانی بازاڕی چەلێ زیانێکی زۆری ماددیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێک بەر خانووی هاووڵاتییانی نزیک بازاڕەکە نەگەیشتووە".

بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، "هەرچەندە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە و دیاریکردنی قەبارە زیانە ماددییەکان پێک هێنراوە".

سەربەست لەزگین: هاوکاری زیانلێکەوتووانی بازاڕی دهۆک دەکرێت

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی  مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک؛ بازاڕی چەلێی بەسەر کردەوە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەداخەوە ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ زیانی ماددی زۆرە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشیبێت زیانی گیانی تێیدا نییە و هەموو لایەک سەلامەتە".

سەربەست لەزگین گوتی: "ئێمە لای خۆمانەوە بەهەموو دامودەزگایەکی حکوومی و حزبییەوە هاوکاری دووکاندارەکان دەبین، چونکە ناخۆشیی و کارەساتی ئەوان هی ئێمەشە، هیچ جیاوزییەکمان نییە. بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووان بکەین."