سهرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، پێشوازىی له نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوهيهكگرتووهكان له عێراق دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیی لە نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوهيهكگرتووهكان له عێراق، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە.
رۆژی سێشەممە (2ـی نیسانی 2024) مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیی لە جينين پلاسخارت، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوەيهكگرتووهكان له عێراق کرد.
بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گرنگیی کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاریی دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە بکرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەیەک لە پێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
