پسپۆڕێکی خۆراک سێ جۆر میوە پێشنیاز دەکات کە پێویستە ڕۆژانە بخورێن

میوەجات
میوەجات

K24 – هەولێر:

رۆکسانا دی سۆزا، پسپۆڕی خۆراک رایگەیاند، زۆر پێویستە ڕۆژانە میوە بخورێت چونکە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ڕیخۆڵەکان و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

میوەکان کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و کانزا و دژە ئۆکسێنەر، یەکێکن لە پایە سەرەکییەکانی خۆراکی تەندروست، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی زۆرێک لە نەخۆشییەکان و پاراستنی تەندروستیی گشتی.

ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی نیسان 2024) ڕۆکسانا دی سۆزا، پسپۆڕی خۆراک لە کۆمپانیای دۆڵ سەنشاین بە ماڵپەڕی ئێکسپرێسی بەریتانی ڕاگەیاندووە، زۆر پێویستە ڕۆژانە میوە بخورێت، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ڕیخۆڵەکان و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخاینەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و هەندێک جۆری شێرپەنجە.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەدا، میوە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێش دەکات بەهۆی ئەوەی کە ڕێژەی چەوری و کالۆری تێیدا کەمە.

ڕۆکسانا دی سۆزا، سێ میوە پێشنیاز دەکات کە پێویستە هەموو کەسێک ڕۆژانە ئەم میوانە بیخوات:

1- پرتەقال

بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی خۆراک، پرتەقال ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین سی تێدایە، کە پاڵپشتیی تەندروستی دڵ دەکات و یارمەتی شێدارکردنی پێست دەدات.

هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڤیتامین سی زۆر پێویستە بۆ لەش چونکە سیستەمی بەرگریی لەش بەهۆی ئەو ڤیتامینەوە کار دەکات، هەروەها لە ڕێگەی ئەو ڤیتامینەوە پێست بە شێداریی و تەندروستییەوە دەمێنێتەوە.

2- تووی ڕەش

دی سۆزا، لەبارەی ئەو میوەوە دەڵێت: ئەم میوە پڕە لە ڤیتامین سی و ڕیشاڵ، ئەمەش یارمەتی کەمکردنەوەی مەترسی شێرپەنجە دەدات، پێکهاتەکانی ناو میوەکە پەیوەستن بە تواناکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانیانەوە، هەروەها یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێشی جەستە دەدات. هاوکات زاناکان تووی ڕەش بە هێزیکی دژە ئۆکسێنەر وەسف دەکەن.

3- گێلاس

ئەو پسپۆڕەی خۆراک، گوتی: گێلاس پڕە لە ڕیشاڵ و ڤیتامین سی و پۆتاسیۆم و چەندین ماددەی دیکە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ڕۆژانە گێلاسی تازە "فرێش" بخورێت.

Fly Erbil Advertisment