شارەزایانی بواری هەڵبژاردن: هیچ دادپەروەرییەک لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدی ناکرێت

ئارام نەجمەددین، پسپۆڕی هەڵبژاردن و دەستووری و هاوار محەممەد، شارەزای بواری هەڵبژاردن و کادیری
ئارام نەجمەددین، پسپۆڕی هەڵبژاردن و دەستووری و هاوار محەممەد، شارەزای بواری هەڵبژاردن و کادیری

K24 – هەولێر:

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، لەکاتێکدا پارتی بڕیاری دا: "نەچێتە ژێرباری هەڵبژاردنێک کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت". هاوکات ئەماژەیان بەوە کرد، ئەم هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندیی هەندێک لایەن دیزاین کراوە. پسپۆڕ و شارەزایانی بواری هەڵبژاردنیش دەڵێن: بەهۆی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەرکراوە، هیچ دادپەروەرییەک لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نییە.

ئارام نەجمەددین، پسپۆڕی هەڵبژاردن و دەستوور و هاوار محەممەد، شارەزای بواری هەڵبژاردن و کادیری پارتی، لە میانی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان 24  کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، هەردوولا سەرنج و بۆچوونی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، کۆک بوون لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەکی نادەستووریی هەموار کراوەتەوە.

ئارام نەجمەددین، پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن و دەستوور، ڕایگەیاند، یاسای هەڵبژاردن لەساڵی 1992ـەوە کاری پێ دەکرێت و حەوت جار هەموار کراوەتەوە، هەروەها خواستێک هەبوو بۆ دووبارە هەموار کردنەوەی، بەڵام نەتوانرا بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، دواجار لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی پەنا بۆ پرسەکە بردرا و بە نایاسایی و دەستووری هەموار کرایەوە.

ئەو پسۆڕەی بواری هەڵبژارن و دەستوور ڕاشیگەیاند، هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە بووە هۆی نیگەرانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەمواریی یاساکە لارەسەنگ بوو.

ئارام نەجمەددین، ئاماژەی بەوە دا، نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان و دابەشبوونی کورسییەکان نادەستووری بوو، پێویست بوو ئەو پرسە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی ببایەتەوە، نەك لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەو پسۆڕەی بواری هەڵبژارن و دەستوور، دەڵێت: زۆرێک لە پارتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دژی ئەوە بوون کە هەڵبژاردن بکرێتە فرە بازنەیی، هەروەها زۆرینەی پارتەکان دژی بڕیاری نەمانی کورسیی کۆتاکان بوون.

ئارام نەجمەددین، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، پارتی هەڵوێستێکی ڕوونی هەبووە لەبارەی هەڵبژاردن، هەروەها ناکرێت هەڵبژاردن بکرێت و پارتیش فەرامۆش بکرێت.

ئەو پسۆڕەی بواری هەڵبژارن و دەستوور، باسی لەوەش کرد، دادگای فیدراڵی دەستەی دادوەری هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی سکاڵا لەسەر ئەو دەستەیە تۆمار کرابێت لەو دادگایە، ئەمەش بە واتەی ئەوە دێت پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە دەستی دادگاکە.

لەلای خۆیەوە هاوار محەممەد، شارەزای بواری هەڵبژاردن و کادیری پارتی، ئاشکرای کرد، پێویست بوو هەمواریی یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی کوردستاندا بکرێت، بەڵام ئێستە یاساکە وەک بۆمبێک چەندین خاڵی تێدا جێگیر کراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش دیزاین کراوە و وەک پشکێک بە روونی دابەشی سەر چەند لایەنێک کراوە.

ئەو شارەزایەی بواری هەڵبژاردن دەڵێت: هەموارکردنەوەی یاساکە زۆر ناهاوسەنگی تێدایە بە تایبەت نەدەبوو هەڵەبجە سێ کورسی بەربکەوێت، بەڵکو پێویست بوو حەوت کورسی بەربکەوێت.

هاوار محەممەد، ڕایگەیاند، دەستدرێژیی کراوەتە سەر دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەرێم کراوەتە ئامانج، کە ئەمەش هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

ئەو شارەزایەی بواری هەڵبژاردن، باسی لەوە کرد، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دراوەتە دەست دادگای فیدراڵی و لە دەستەی دادوەری هەرێمی کوردستان وەرگیراوەتەوە، لە کاتێکدا دونیایەک تێبینیمان لەسەر سەرۆکی دادگای فیدراڵی هەیە.

هاوار محەممەد، لەبارەی کێشەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە گوتی: 320,000دەنگدەری هەولێر پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، بە واتای ئەوەی 80%ـی ئەوانەن کە لایەنگری پارتین پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.