سهربهست مستهفا: هەڵبژاردن بەبێ پارتی کەموکوڕیی تێ دەکەوێت
K24 – هەولێر:
سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگهیاند، ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو پارتێکی سەرەکی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە هەڵبژاردندا نەکات پرۆسەی هەڵبژاردن کەموکوڕیی تێ دەکەوێت.
ڕۆژی سێشەممە (2ـی نیسانی 2024) سهربهست مستهفا، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پانێلێکی دەزگای روئا ڕایگەیاند، به بێ بهشداریی پارتیی، دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان وەکو پێویست نابن و کەموکوڕیی تێ دەکەوێت.
سهربهست مستهفا گوتیشی: "کەموکوڕیی زۆر لە ڕێنمایی و ڕێوشوێنەکاندا هەیە لەبارەی لێک جیاکردنەوەی دەنگەکان، لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، پێویستە لەکاتێکدا ئەنجامەکان لە کۆمیسیۆن لێک جیابکرێنەوە کە جیاوازییەکی گەورە هەبێت لە جیاکردنەوەی دەنگەکان لەسەر ئاستی وێستگەکان، یان تانەکان و قردێلەسوورەکان لە ئاستێکدا بن کە پاشان لە بنکەی سەرەکیی کۆمیسیۆن دووبارە لێک جیابکرێنەوە".
سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: ئەنجامی تانەکان، ئەنجوومەنی دادوەری یەکلاییان دەکاتەوە نەک دادگای فیدراڵی، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو پارتێکی سەرەکی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکات، پرۆسەی هەڵبژاردن کەموکوڕیی تێ دەکەوێت.
لەبارەی بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردن، سەربەست مستەفا باسی لەوەکرد: "لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پارتی لە دهۆک 72%ـی دەنگەكانی بەدەست ھێناوە، لە هەولێر 60%ـی دەنگەکان و لە سلێمانی و هەڵەبجە 16%ـی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، بۆیە لەڕێژەی سەدیدا دەرەنجامەکان وەکو پێویست نابن و هەڵبژاردن کەموکوڕیی تێ دەکەوێت".